ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى بکوژى ژنێکى راگەیاند

لڤین:

ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى بکوژى ئەو ژنەى راگەیاند کە چەند رۆژێک لەمەوبەر تەرمەکەى لەنزیک گۆرستانى بەکرەجۆ دۆزرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوو کەسیان لەسەر کوشتنی ئەو ژنە دەستگیرکردووە کە سەرلەبەیانیی 13ی ئەم مانگە تەرمەکەی لەسەر رێگەیەکی گەڕەکی بەکرەجۆ دۆزرایەوە. بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، “ژنەکە لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە” کوژراوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی 13-12-2021 تەرمی ژنێکی نەناسراو لەسەر رێگەی سەرەکیی گەڕەکی بەکرەجۆ دۆزرایەوە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە، “دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد، لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێت بە ناوەکانی (خ. ح. ع) و (د. خ. ق)”.

لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو دوو تۆمەتبارە، وەکو ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، “دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و پێناسی تاوانلێکراویان ئاشکراکرد کە ناوی (د. ت. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2003یە”. ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “تۆمەتباران لە گوتەکانیاندا دەریانخست کە پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لە یەکێک لە کافتریاکانی شاری سلێمانی بەناوی کافتریای (لاس فیکاس) لە شەقامی سالم کاری کردووە و شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لە ماڵی تۆمەتبار (د. خ. ق)”.

هەر لەو راگەیێندراوەی ئاسایشدا ئەوە خراوەتەڕوو، “لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لە ئەنجامدا تۆمەتبار (خ. ح. ع) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێت بە کوشتنی تاوانلێکراو (د. ت. ع)، پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تیدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆحەشاردانی داوە”.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تیمەکانیان سەرکەوتووانە توانیوویان تۆمەتباران دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن، دەستبگیرێت بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەی کە لە تاوانەکەدا بەکارهێندرابوو.

تۆمەتبارەکان لەسەر بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان بەندکراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵیان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button