هەرچەندە دادگا بڕیاری راگرتنی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا بەڵام فێستیڤاڵەکە دەکرێت

لڤین:
پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی كە بڕیارەی سبەینێ بەڕێوەبچێت كێشەی ماوەیەکە کێشەی تێدایە و ئەمڕۆش دادگا بڕیاریداوە ئەنجامنەدرێت، بەڵام “بەرپرسێکی حزبی” دەستێوەردانی کردووە و فێستیڤاڵەکە دەکرێت.
وا بڕیارە سبەی 17ی مانگ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كوردی سلێمانی لە خولی پێنجەمیدا ئەنجام بدرێت، فوئاد جەلال سەرپەرشتیاری كۆمپانیای مەستی فیلم كە خاوەنی لۆگۆ و مۆڵەتی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانییە بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند چەند كەسێك کە پێشتر بە گرێبەست کاریان بۆ دەزگاکەمان کردووە، بەناوی دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ناوو لۆگۆی ئێمەوە دەیانەوێت فێستیڤاڵەكە ئەنجام بدەن هەرچەندە دادگاش داوای ڕاگرتنی کردووە بەڵآ ئەوان هەر سورن لەسەر ئەنجامدانی.
فوئاد جەلال راشیگەیاند ئەمڕۆ دادگا بڕیاریدا كە فێستیڤاڵەكە تا كاتێكی نادیار دوابخرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر كەلوپەلی فێستیڤاڵەكەدا، بەڵام لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگادا “بەرپرسێکی حزبی” گوشاریان كردووە و جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەو دادگایان گۆڕیوە.
وتیشی ئێمە مۆڵەتمان هەیە وبە فەرمی لە ساڵی 2016وە پێماندراوە و لۆگۆی بازرگانیش بە ناوی خۆمانەوە و لەسەر هەقی خۆمان سورین و رۆژی یەک شەممە جارێکی دیکە سەردانی دادگا دەکەینەوە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەمان و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی دادگا وینەیەکیشی لە مۆڵەت و نوسراوەکانی خاوەنداری ڤێستیڤاڵەکەی ڕادەستی لڤین کرد.
فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2016 ەوە بەڕێوەدەچێت و تائێستا چوار فێستیڤاڵ بەڕێوەچووە دەبوو فێستیڤاڵەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرایە، بەڵآم بەهۆی کێشەی خاوەندارێتی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەنجامدانی بۆ سبەینێ دواکەوتووە.
لڤین بۆ وەرگرتنی وتەی ئەنجامدەرانی فێستیڤاڵيکە چەندجارێک پەیوەندی کرد بە شەهێن سابیر، بەرپرسی میدیای فێستیڤاڵەکە بەڵام پەیوەندیەکانی بەردەست نەبوون.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە سبەینێ دەستپێبكات و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت و143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشداریان تیادا کردووە و 116 فیلم لە كێبڕكێدان بۆ بردنەوەی خەڵآتەکانی فێستیڤاڵەکە.