له ڕێی حاویه‌ی زبڵه‌وه 47 لاپ‌تۆپ له‌باره‌گای یوئێن دزراوه

لڤین:
پۆلیسی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، دوو كارگوزاریان ده‌ستگیر کردووە كه 47 لاپتۆپییان له نێو كۆگای باره‌گای یوئێن له هه‌ولێر بردووه، ئه‌و كه‌سه‌ش ده‌ستگیر كراوه، كه لاپتۆپه‌كانی لێکڕیون.
هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، به میدیاكانی ڕاگه‌یاند، له 20/9/2021ـه‌وه، به دوو جار 49 لاپ‌تۆپ له نێو كۆگه‌ی باره‌گای یوئێن له هه‌ولێر بردراوه.
وتیشی: هه‌ینیی ڕابردوو له‌لایه‌ن به‌رپرسی ئه‌منیی یوئێنه‌وه له‌و حاڵه‌ته ئاگادار كراینه‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌مان ده‌ستپێكرد خۆشیان نەیاندەزانی چۆن دزیەکەیان لێکراوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە ڕێی کمێراکانی چاودێریەوە ده‌ركه‌وت له ڕێی حاویه‌ی زبڵه‌وه ئه‌و لاپتۆپانه‌یان بردووه.
ئەو وتیشی: له دوو پرۆسه‌ی جیاوازادا دوو كارگوزار، كه كوردن و له‌وێ كاریان كردووه و، ئه‌و كه‌سه‌شمان ده‌ستگیر كرد، كه لاپتۆپه‌كانی ساغ ده‌كردنه‌وه، چونكه هه‌موو ساغ كرابوونه‌وه.
وتەبێژی پۆلیس وتیشی: ئەو کەسانە ھەموویان کوردن و هه‌ر لاپتۆپێك به هه‌زار و 700 دۆلار كڕدرابوون، به‌ڵام به 200 دۆلار ساغ كراونه‌ته‌وه، ئێسته ئه‌و كه‌سانه به‌پێی مادده‌ی 446ی یاسای سزاكان ده‌ستگیر كراون.