حکومەتی هەرێم: ئامادەکاری دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ڕوداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز

لڤین:
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا راسپێردراون كاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی رووداوەكەی نۆكەندی ئینگلیز بكەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردووەتەوە “لە دوای رووداوی خنكانی ژمارەیەك هاوڵاتی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا سەرۆكی حكومەتی هەرێم فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی لە فەرەنسا راسپارد، تاهەر كارێك كە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو رووداوە ئەنجامی بدەن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە “فەرمانگەكە و نوێنەرایەتیی حكومەت لە فەرەنسا تەواوی ئەو كارانەیان ئەنجامدا كە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەكان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاوڵاتییە كوردانەی لەو بەلەمەدا بوون، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی فەرەنسا بەشێوەیەكی فەرمی ناوی ئەو هاوڵاتییانە بداتە حكومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی رێكاری تایبەت بۆ گواستنەوەی تەرمەكانیان بۆ زێدی خۆیان بگیرێتەبەر”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی لەوەش كردووەتەوە، لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەندێك میدیا بڵاو كرایەوە، بە هیچ شێوەیەك فەرمی نییە و دەزگا فەرمییەكانی فەرەنسا پشتڕاستیان نەكردووەتەوە.