حکومەتی هەرێم زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ زاخۆ خەرج دەکات

لڤین: 

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی سێ ملیار و 291 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی دەڤەری زاخۆ و دەوروبەری.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی سێ ملیۆن و 291 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی دەڤەری زاخۆ و دەوروبەری و مانگانەش بڕی 274 ملیۆن و 250 هه‌زار دینار، لە یه‌كی ته‌مموزی 2021 تا 30ی حوزه‌یرانی 2022.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (هیزل)ـەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ خەرج دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، لەلایەکی دیکەوە و بە مەبه‌ستی بەرەنگاربونەوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکان و نەهێشتنی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 207 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی زاخۆدا بۆ کڕینی ماددەی پاککەرەوەی ئاوی خواردنەوە لە جۆری (كلۆر، شه‌ب و پولیمه‌ر) بۆ ماوەی یەک ساڵ. ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی ئاسایی خەرج دەکرێت بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button