دایکی شنیار ئەنوەر بۆ مەسرور بارزانی:داوای لێبوردن لە كچەكەم بكە

لڤین:

رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت ) لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی ( دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ میامی ) سەبارەت بە کڕینی ڤێلایەک لەلایەن مەسرور بارزانیەوە نوسیویەتی،” لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرەنجڕاكێش لە میامی، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژە خۆرو كڵاوی لەپوش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs) لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن، پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

هەروەها نوسیویشیەتی،” بەهای ئەم بینا شوشەییە كە دەرمانخانەكەی تێدایە‌و روبەرەكەی نزیكەی (12 هەزار) پێ چوارگۆشەیە، (18 ملیۆن‌و 300 هەزار) دۆلارە.. ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی میامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی: ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین‌و بەشدارن نین لە گرێبەستەكەیدا”.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە،” بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە لە دیلاوێر كڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی راستەقینەی بیناكە كە (مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە) شاردراوەتەوە”.

پاش ئەوە نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو،” ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریكیەی باسی كڕینی خانویەكی 18 ملیۆن دۆلاری كردبوو لەلایەن مەسرور بارزانیەوە پەیوەندی لەگەڵ ژنی پەرلەمانتارێكی كورد هەبووە”.

لەبەرامبەردا دایكی شنیار ئەنوەر لە رونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاندوە،” من كچی شەهیدێكی سەركردەی شۆڕشی ئەیلولم بۆیە داوات لێدەكەم داوای لێبوردن لە كچەكەم بكە”.

پەیامێک لە دایکی شنیار بۆ مەسرور بەرزانی؛

هەرگیز وەکو کچە شەهیدێک بەخەیاڵیشمدا نەدەهات ڕۆژێک لەخەو هەڵسم ببینم سەرۆکی حوکمەتی هەرێم، ئەو حوکمەتەی بە خوێنی باوکی من و هەزاران شەهیدی تر هاتۆتە بەرهەم، دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ کچەکەم.

کە کچەکەم تەنها تاوانی ئەوەیە حەق دەڵێت،

من کچی شەهید جەلیلم، یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول و مەفرەزە پارتی زانیەکان ئەو شەهید جەلیلەی کە دۆستی نزیکی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم

و خودی بارزانیش بوە، ئەو شەهید جەلیلەی کەلەگەڵ هاوڕێکانی لە سلێمانی کە بۆسەیان بۆ زەعیم سدیقیان نایەیەوە تەقەیان لێکرد. بەهۆی ئەوەی خەڵکی سلێمانی هەراسان کردبوو.

ئەو شەهید جەلیلەی کەلە ماڵەکەی ئێمەدا ئامادەکاریەکانی مەفرزە پارتیزانیەکانی شۆڕشی ئەیلول دەکرا، هەر لەماڵی ئێمە کە من تەمەنم ٨ ساڵ بو، کاری گواستنەوەی نامە نهینیەکانم دەکرد، لەگەڵ ست ئەنجومی عەبدوڵا زوهدی بەیاننامە نهێنیەکانیان لە ماڵی ئێمە چاپ دەکرد، من کچی ئەو شەهید جەلیلەم کەهەرگیز نەم ویستوە باسی بکەم و خوێنەکەی بۆ خۆبردنە پێشەوە بەکاربهێنم، چونکە ئەو پێی دەوتین کە ئەو لە پێناو ئایندەی کوردستان و نەوەکانی خەبات دەکات.

ئێستاش نامەکانی و یادەوەریەکانی ماوە کە باس لەوەدەکات ئەگەر ئەوان خۆشیان بەخت بکەن بەرهەمەکەی نەوەکانی ئایندە وەک شنیاری کچم لە سایەی بحەسێنەوە، کە ئەویش ژیانێکی ئازادانەو دادگەرانەیە.

بەڵام ئەوکاتەی باوکم بۆدواجار ماڵی بەجێهێشت، گەورەی مالەکە من بوم کەتەمەنم ٨ ساڵ بو، خوشکە بچوکەکەم تەمەنی تەنهاچل شەو بو ، برا تاقانەکەم لە بێشکەدا بو، بەڵام باوکم ئەرکە سیاسیەکەی هێندە لا گرنگ بو خەونی هێندە گەورەی بۆ کوردستان هەبو کە ماڵی بەجێهێشت ئاوڕی نەدایەوە،ئەو پێشتر لە دەیان شەری کۆڵان بەکۆڵان کەرکوک و سلێمانی و داستانەکانی شوان و چەمی رێزان، دەشتی گەرمیان دا سەرکەوتنی تۆمارکردووە، ئەو لە تۆمارکردنی داستانێکی قارەمانانە لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کەرکوک لە روبەروبونەوەیەکی خوێناوی لەگەڵ سوپای عێراق شەهید کرا، هەر لە کەرکوک بەخاک سپێردراوە.

ئێستا کە ئەبینم مەسرور بارزانی، کە کوڕەزای موستەفا بارزانیە، کە ڕۆژانێک هاوخەباتی باوکم بوە، بەهۆی ناوبانگی باپیریەوە بۆتە سەرۆکی حوکمەت، باوکی منیش سەرکردەیەک دیار بوو شەهید بوو، ئێمەش لە ژێر هەڕەشەی سیاسی بەردەوامی بەعس دا گەورەبوین، شنیاری کچم کە بە بە ئەخلاقێکی باڵاوە پەروەردەم کردوە، خاوەن شکۆیەکی ئەوەندە بەرزە، کەس نەیتوانیوە پەنجەی بۆ ڕابکێشێت وە کچەم بەتوانای خۆی خاوەنی بڕوانامەی ماجێستەرەو ئێستاش لەیەکێک لەهەرە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمەریکا لەسەر توانای خوێ ئەخوێنێت، ئەگەر بەخەبات بێت، کچەکەی من باپیری سەرکردەیەک بوە وە شەهید بوە وەفەزلی زیاتری لە مەسرور بارزانی بەسەر ئەم خاکەوە هەیە، بەڵام ئێمە هەرگیز خوێنی باوکمان بۆ خۆبردنە پێشەوە بەکارنەهێناوە و ئەمە یەکەمجارە باسی ئەکەم.

ماوەی چەند ساڵێکە لە میدیاکانەوە وە لەتۆڕە کۆمەڵایەییەکانەوە، بەتایبەتی میدیای پارتی، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کچەکەم، وەک بەشێک لە ئازادی ڕادەربڕین وەرمان گرتوەو هێچ هەڵوێستێکمان نەبوە، بەڵام کاتێک کورەزایەکی موستەفا بارزانی دەسەڵات و هێزی حوکمەتەکەی بەکاردەهێنێت بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کچەکەم و تۆمەتی ئەخلاقی بۆ هەڵدەبەستێت ئیتر ناتوانم بێدەنگ بم، چونکە ئەوەی مەسرور کردی بەعس پێی نەکردین.

ئێستا وەکو کچە شەهیدێک داوا لە مەسرور بەرزانی دەکەم کە بەفەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەم بکات، کە نەوەی شەهیدە، پاشان داوای لێبوردن لە هەمو خەڵکی کوردستان بکات ، چونکە ئەو هێرشە بۆ سەر شنیار نیە بەتەنیا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەرجەم ژنان و هەرتاکێک بیەوێت بە ئازادی بژی، وە ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە دەبێت دەستبەجێ لەمیدیاکانیەوە دژی کچەکەم ڕابگرێت، بە پێچەوانەوە وەک کچە شەهیدێک بێدەنگ نابم. وە ئەگەر زەرەیەک ڕێزی کەسوکاری شەهیدانیان لەلایە ئەوە کەمترین شتە کە ئێمە داوای دەکەین.

مەعسومە شەهید جەلیل

( دایکی شنیار ئەنوەر)

١١ دیسەمبەری ٢٠٢١

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button