ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان رادەگەیێنرێت

لڤین:
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ڕایگەیاند، کاتژمێر ( 8:00 )ـی ئەمشەو ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕادەگەیەنرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (شەممە 11ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند،، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان لە کاتژمێر (8:00)ى ئەمشەو ڕادەگەیەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکاران دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ” پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ ڕۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان/ خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بەڕێژەى (10 بۆ 20%) کەمدەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن 43 هەزار و 277 خوێندکاری لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگرتووە و چوار هەزار و 67 کورسی بە تاڵیش ماونەتەوە. هەروەها 82%ی خوێندکاران ئەمساڵ وەرگیراون.
پێشتر ئەو قوتابییانەی ناوی خۆیان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان تۆمارکردبوو گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ناوەکان درەنگتر رادەگەیێنرێت، چونکە ماوەی چەند مانگێکە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستیپێکردووە.