پڕۆژەی لێپرسینەوەی حکومەت لە ئەمریکا: ڕوونکردنەوەکەی نوسینگەی مەسرور بارزانی ناوزراندنە بۆ داپۆشینی گەندەڵیەکانە

لڤین: 
ئەو دەزگایەی ڕۆژنامە ئەمریکیەکە دەردەکات کە کڕینی باڵەخانەکەی مەسرور بارزانی لە میامی ئەمریکا ئاشکراکرد بەرگری لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەنوسەکەیان دەکەن و دەڵێن بۆ داپۆشینی گەندەڵیەکانیان ناوزڕاندنیان بە ڕۆژنامەنوسەکەمان کردووە. 
ئەو ڕۆژنامەیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر باڵەخانەکەی مەسرور بارزانی لە میامی ئەمریکا بڵاوکردەوە سەر بە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەیە کە کاری ئاشکراکردنی گەندەڵی جەنەراڵ و دیبلۆماتەکانی وڵاتەکەیەتی و لە ساڵی 1977وە دامەزراوە.
رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت ) لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی ( دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ میامی ) سەبارەت بە کڕینی ڤێلایەک لەلایەن مەسرور بارزانیەوە لە 7ی ئەم مانگە بڵاو کردەوە و ڕاپۆرتەکەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە زیاتر لە 1700 وشەیە و زۆر وردەکاری لەسەر هەرێمی کوردستان باسکردووە و لە ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەی زاک کۆپلین، ڕۆژنامەنوسی بنکۆڵکاری ئەمریکییە.
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا نوسیویەتی” لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرنجڕاكێش لە میامی، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژە خۆرو كڵاوی لەپوش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs) لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن، پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتبووی “نوسەری ڕاپۆرتەكە، پەیوەندی لەگەڵ خێزانی پەرلەمانتارێكی كوردی پێشووی عێراقەوە هەیە كە هاوڵاتی ئەمەریكییە و بە هەڵوێستەكانی دژ بە خەڵكی كوردستان ناسراوە” هەریەکە لە ڕۆژنامەنوسەکە و دەزگاکەی ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردەوە.
پرۆژەی لێپرسینەوەی حکومەت (A Government Accountability Project investigation)کەدەزگایەکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی جەنرال و دبلۆماتە ئەمریکاییەکان لەدەرەوەی ووڵات، قسەکانی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆلەرەوەکەی ئێمە (زاک کۆپلین) لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بەکڕینی دەرمانخانەیەک لەمیامی لەلایەن مەسرور بارزانی لەڕێگای ھەندێ کۆمپانیای نادیار بە گوژمەی 18ملیۆن 300 ھەزار دۆلار بڵاوکردەوە.
لەجیاتی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی بابەتەکە، ھەڵساون بەبوختان کردن لەدژی لێکۆڵەرەوەکەی ئێمە، کەگوایە پەیوەندی سۆزداری لەگەل کچێکی چالاکوانی کورد ھەیە.
دەزگاکە ئاشکرای کردووە لێکۆڵەرەوەکەمان لەژیانیدا چاوی بەم چالاکوانە نەکەوتووە. ئێمە ئەم ناوزراندنە بەمەستی داپۆشینی گەندەڵیەکانی سەرۆک وەزیران دەزانین. ئەمەش بە پێشێلکردنێکی گەورەی بەکارھێنانی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران دەزانین.
دەزگاکە پشتیوانی خۆیان بۆ  زاک دوپاتکردووەتەوە و دەشڵێت: ھەروەھا ئیدانەی دەستدرێژیەکانی دەسەڵات بۆسەر رۆژنامەنووسان و چالاکوان دەکەین، ئیدانەی مامەڵە داراییە شاراوەکانی سەرۆک وەزیران دەکەین.
پێش ئەو ڕونکردنەوەیەش ڕۆژنامەنوسەکە بۆخۆی لە تویتەر و لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی قسەکانی نوسینگەی مەسرور بارزانی دایەوە و وتی دەستکەوتنی بەڵگەکان زۆر ئاسانە و لە ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئەمریکا دەستی کەوتووە.
هاوکات هەریەکە لە سەرکەوت شەمسەدین وشنیار ئەنوەر ڕایانگەیاند، بە هۆی ئەوەی لە ڕونکردنەوەکەی نوسینگەی بارزانیدا، تۆمت بۆ شنیار ئەنوەر دروستکراوە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژنامەکە  ئەو بینا شوشەییە كە دەرمانخانەكەی تێدایە‌و روبەرەكەی نزیكەی (12 هەزار) پێ چوارگۆشەیە، بەهاکەی 18 ملیۆن‌و 300 هەزار دۆلارە.. ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی میامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی: ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین‌و بەشدارن نین لە گرێبەستەكەیدا.
 هەر لەبارەی ئەم دۆسیەیە 20 رێکخراوی ناوخۆیی داوای لێکۆڵینەوەیان لە پەرلەمانی وردستان و دەستەی دەستپاکی کردووە و دەڵێن بابەتەکە دەبێت بە گرنگیەوە مامەڵيی لەگەڵدا بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button