سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا

لڤین:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا و نۆکەندی ئینگلیزی  تاوتووێ کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو یكردەوە،” ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێگەیشت”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە،” لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هاوخەمی خۆی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند بۆ ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی نالەباری کۆچبەرانی کورد لە سنووری بێلارووس و پۆڵەندا و نۆکەندی ئینگلیزی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و هاوکاری مرۆیی و فریاگوزارییان پێشکەش بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی،  یەکێکە لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی زیادبوونی کۆچبەریی”.

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەشكردوە،”  هەماهەنگیی بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا گرنگە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران”.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا،  ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکومەتی فیدرالی و وڵاتانی ئەوروپایی دووپاتكردوە  بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button