ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی شانەیەکی داعشی لە هەڵەبجە ڕاگەیاند

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، توانیویانە گروپێكی داعش لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەستگیربكەن كە مەرامیان بوو لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان “كردەوەی تیرۆرستی” ئەنجام بدەن.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: لە ئەنجامی چاودێری و كۆكردنەوەی زانیاری وورد لەسەر گروپێكی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە ، پاش دەست خستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان كە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی هەرێم تێكبدەن .

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

لەئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری وورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە ، پاش دەست خستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی ھەرێم تێکبدەن .

پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ، لەھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا رۆژی چوارشەمە ٨ ی ١٢ ی ٢٠٢١ ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە ، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەست

بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن .

لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگەو دۆکۆمێنتی دروست زانیاری زیاتر لەبارەی شکستپێھێنانی تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ رایگشتی بڵاودەکەینەوە .

ئاسـایـشـی سلــێمانی-ئـۆپـراسـیــۆن بـۆ ئـاشـتـی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button