وەزارەتی دارایی سەرجەم خەرجیەکانی ڕاگرت

لڤین:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرجەم خەرجییەکانی ساڵی دارایی 2021 (جگە لە موچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە و خەرجییەکانی پاککردنەوە و خواردن) رادەگرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە واژۆی وەزیری دارایی بڕیاریداوە بە راگرتنی سەرجەم خەرجییەکانی ساڵی دارایی 2021.

لە نووسراوەکە، ئاماژە بەوەکراوە کە بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵی دارایی 2022 و دیاریکردنی هەلی گونجاو بۆ یەکە ژمێرییەکانی بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێرکارییەکان، گەیاندنیان بە وەزارەت، وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێکی دەرکردووە.

بڕیارەکان:

1- راگرتنی سیستمی ئۆنلاین لە رێکەوتی دەرچوونی ئەو رێنماییە تاوەکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی / 2022.

2- راگرتنی گشت خەرجییەک لە رۆژی 16-12-2021 بۆ ساڵی دارایی 2021 (جگە لە مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە و خەرجییەکانی پاککردنەوە و خواردن).

3- راگرتنی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە.

4- ئەم راگرتنە تەمویلکردنی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە.

5- لە رێککەوتی دەرچوونی ئەم رێنماییەوە، هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان نەکرێت.

6- ئەو نووسراوانەی کە فەرمانی خەرجکردنی وەزارەتمانیان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / بەڕێوەبەرایەتیی خەرجییەکان، کە ئاراستەی گەنجینەکان دەکرێت و رێککەوتی دەرکردنیان دەکەوێتە پێش 16-12-2021 جێبەجێ دەکرێت و راناگیرێت. ئەو نووسراوانەی کە داخڵی سیستەم کراون و کاریان لەسەر نەکراوە، لە ساڵی نوێدا کاریان لەسەر دەکرێت.

7- ئەم رێنماییە لە رۆژی 16-12-2021 کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button