فێرخوازانی ناڕازی زانکۆو پەیمانگاکان: بە باشمان زانی لێرەدا خۆپیشاندانەکان بوەستین تا سەری ساڵی نوێ

لڤین:
گروپی ڕاوێژ لە فێرخوازانی ناڕازی زانکۆو پەیمانگاکانی سنورەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە وتیادا وەستانی خۆپیشاندانەکانیان ڕاگەیاند.
ئەو گروپەی خوێندکاران لەبارەی ئامانجەکای خۆپیشاندانەکەیان دەڵێن ئێمە داوامان کردبوو کە دەرماڵە بگەرێتەوە و شکۆی خوێندکار و شکۆی زانکۆبگەڕێتەوە ئەو کەسانەی بوونەتە مایەی ئازاری خوێندکارسزا بدرێن و بەشە ناوخۆییەکان باشبکرێن.
ئاماژە بەوەکراوە کە توانیومانە بەیەکگرتووی دەرماڵە بگەڕێنینەوە لەژێر ناوی پاڵپشتی. توانیمان کارێک بکەین کە بڕیار بدرێت بە گۆڕینی سەرۆکی چوار زانکۆ لەپێناو گەڕانەوەی شکۆی خوێندکار و زانکۆ.
دەشڵێن بەڵێندراوە بە سزادانی ئەو کەسانەش کە سزای خوێندکاریان داوە و دەست کراوە بە باشترکردنی بەشەناوخۆییەکان و لیژنەکان بەردەوامن لە ناوچە جیاوازەکان .
ئەوەشیان ڕاگەیاندووە: لەڕێگەی لیژنەیەک لە پەرلەمان و مامۆستایانی دڵسۆزەوە لەهەوڵی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێلداین.
ئەوەشیان وتووە “دوای ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا و ئەکادیمی بە باشمان زانی لێرەدا بوەستین تا سەری ساڵی نوێ و چاوەڕوانی ئەو بەڵێنانە بین کە پێمان دراوە ، ئەگەر خاوەن بەڵێن بوون و ئامانجەکانمان هاتەدی ئەوا توانیومانە ئامانجەکان بپێکین ئەگەر نا ئەوابەردەوام ئەبین و ڕێگای تر بەکار دەهێنێن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانماندا”.