خوێندنی باڵا: ئەو پارەیەی بۆمان دێت مانگانە دابەشی دەکەین بەسەر خوێندکاراندا

لڤین:
بەرێوەبەری فەرمانگەی گشتیی دارای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە ڕێگەى ئەو داتایانەى، کە بۆمان دێت لە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە ئەو پارەیەی بۆ خوێندکاران دیاریکراوە دابەشى دەکەین بەسەر خوێندکارانى دەرەوە و ناوەوەى شارەکاندا و بەشێکى دیکەشى بۆ خزمەتگوزارییەکانى بەشەناوخۆییەکان خەرج دەکرێت.
توانا نەجەف، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: بە نووسراوێکى فەرمى بڕی حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە وەک پێشنیەی مانگانە بۆ وەزارەتەکەمان تەرخانکراوە و ئەو بڕە پارەش بە بەردەوامى دەدرێتە وەزارەتەکەمان و ئێمەش لە ڕێگەى ئەو داتایانەى، کە بۆمان دێت لە سەرۆکایەتى زانکۆ و پەیمانگاکانەوە دابەشى دەکەین بەسەر خوێندکارانى دەرەوە و ناوەى شارەکاندا.
ئاماژەى بەوەشکرد، بری ئەو پارەی لەلایەن حکومەتەوە خەرجکراوە بۆ وەزارەتەکەمان بریتیە لە حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار و بەشێکى ئەو پارەش تەرخان دەکرێت بۆ پڕکردنەوەى کەموکوڕی بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران.
ئەوەش دوای ئەوەهات کە زیاتر لە دوو هەفتەیە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندان دەکەنو داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکەن.