ناوی تۆمەتبارەکانی کوشتنی نەقیبەکەی پۆلیس بڵاودەکرێتەوە

لڤین:

خوشکی محەمەد لەتیف، ئەو نەقیبەی کە لە سلێمانی تەقەی لێکرا و  بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، ناوی تۆمەتبارانی دۆسییەکەی بڵاوکردووەتەوە و داوای هاوکاری دەکات.

ئاڵا لەتیف لە فەیسبوکی خۆی ناوی دوو تۆمەتباری سەرەکی و تۆمەتبارێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و داوای هاوکاری لە هاوڵاتیان و خەڵکی دەکات.

خوشکی ئەو ئەفسەرە، کە لە گەڕەکی تانجەرۆی شاری سلێمانی بە فەرمانی دادوەر چووبوون بۆ دەستگیرکردنی کەسێک ئاشکرای کردووە ئەو کەسانەی لە دۆسیەکەدا ناویان هاتووە و هێزە ئەمنییەکان بە شوێنیاندا دەگەڕێن  ناویان (پشتیوان علی و یوسف پشتیوان عەلی و تەحسین ناوێک، کە  هاوکار بووە لە گواستنەوەیاندا).

خوشکی ئەو ئەفسەرە کۆچکردووە ئاماژەی بەوەشکردووە لە داهاتوودا  وردەکاریی دیکەی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکات و داوای  لە هاوڵاتیان کردووە هاوکارییان بکەن لە دۆزینەوەیاندا.

شەوی شەممە 4ی کانونی یەکەمی 2021 لە شاری سلێمانی داواکراوێک ڕووبەڕووی مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش برینداربوون، ئەو کەسانەشی لە ڕووداوەکەدا تۆمەتبارن سێکەشن و هەڵهاتوون.

سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ڕووداوەکە  ڕایگەیاند، “ماوەیەک پێش ئێستا ژنێک سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمارکردبوو کە ئازاری دەدات، بەڵام ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەمان زۆرجار خۆمان درەنگ دەخەین بۆ ئەوەی دەرفەتێک هەبێت کە ئەو دوو هاوسەرە کێشەکەیان چارەسەر بکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو ئافرەتەکە پەیوەندی کردووەتەوە و داوای کردووە بچن بە هانایەوە”.

وتیشی “دوای ئەوەی مەفرەزەکەمان گەیشتووەتە لای ماڵەکە، چەند کەسێک لە ماڵەکەدا بوون، پێش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزن یەکێک لەو کەسانەی ماڵەکە تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا نەقیب محەمەد شەهید بووە و چەند پۆلیسێکی دیکەش برینداربوون.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button