پەرلەمان بۆ نەوتی ماڵان داوایەک ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروستیەکان دەکات

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هۆکاری خاو دابەشکردنی نەوت بۆ گەیشتنی نەوت لە بەغداد دەگەرێتەوە و، سبەینێ بە فەرمی داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکەن چارەسەرێک بدۆزنەوە .

گولیزار ڕەشید، بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند “سبەی دووشەممە لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەنەوتی ماڵان کۆ دەبێتەوە، چونکە پێشتر حکومەت بڕیاری دابوو ھەموو ماڵێک پێش وەرزی زستان سوودمەند دەبێت لە بەرمیلێک نەوت، ڕاستە پڕۆسەکە ماوەیەکە بەڕێوە دەچێت، ڕێژەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکان نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام لەنێو شار وەک پێویست نییە و نەگەیشتووتە شارە گەورەکان.”

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هۆکاری خاو دابەشکردنی نەوتی بۆ بەغداد گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، پڕۆسەی گەیشتنی نەوت لە بەغدادوە سستە و پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا بکات .

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کۆبوونەوەی سبەی لیژنەکەماندا پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەکەین و بە یادداشت داواکاریی پەرلەمان دەگەیەنین بە وەزارەت.”

ئەو بە پێچەوانە وتەبێژی حکومەت کە باسی لەوە کردبوو بە نرخی گران نەوت دەکرن و بە هەرزان دەیدەنەوە بە هاوڵاتیان دەڵێت  ”ئەو نەوتەی بە ھاوڵاتییان دەدرێت ھەر بەرمیلێک ٨٠ ھەزار لەسەر حکومەتی ھەرێم دەکەوێت، بەڵام بە نرخی پاڵپشتیکراو بە ٥٥ ھەزار دەیدەن بە ھاوڵاتییان، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە، ئەگەر پڕۆسەکە بەخێرایی بەڕێوە بچێت، چونکە ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕدا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٥ ھەزار دینار و ئەگەر حکومەت دابەشی بکات، کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button