کەجەکە لە بارەی بڕیاری ئەوروپا بۆ دۆخی ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:
کەجەکە لە بارەی بڕیاری وەزیرای دەرەوەی ئەوروپا لە بارەی سزای ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەوەی هەیە بەس نییە و پێویستە بەدواداچون بۆ بڕیارەکانی خۆیان بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەوڵەکانی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی ئۆجالانەوە بڕیارەکەی دواکەوتووە.
کەجەکە ئامژەی بە بڕیایری کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە کردووە و دەڵێت: هەرچەندە درەنگیش بێت، بەڵام ڕایگەیاند کە سزای هەتاهەتایی قورس لە تورکیا پێچەوانەی پێوانەکانی مافی مرۆڤی کۆنسەی ئەوروپایە، ئێستا ساڵێک مۆڵەتی داوەتە تورکیا کە ئەو بابەتە ڕوونبکاتەوە، لەڕاستیدا کاتێک بابەت دێتە سەر کورد ئەوروپاش لە جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکانی خۆیدا مکوڕنییە، دەرکەوت ئەوروپا کە باسی دیموکراسیی و یاسا دەکات، لەم بابەتەدا لاوازە.
کەجەکە دەشڵێت: ئەم بڕیاری مۆڵەتدانەی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بۆ داهاتوو دەتوانێت ئەنجامی ئەرێنیی بەدوای خۆیدا بهێنێت، وەکچۆن سزای لەسێدارەدان دوای دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕێبەر ئۆجالان لە تورکیا هەڵوەشایەوە، دەکرێت بە هەوڵەکانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، سزای هەتاهەتایی قورسیش لە تورکیا هەڵوەشێتەوە.
ئەوەشی وتووە کە ئەوەی وای لە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کردووە ئەم بڕیارەی ئێستا دەربکات، هەوڵەکانی گەل و دۆستەکانی کورد بوو و دەشڵێت “لە ئیمرالیی سیستمێکی زوڵم و ئەشکەنجە هەیە، کە لەهیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە، لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشتنی ئازادیی بەخشییە کورد تۆڵەی لێ دەکەنەوە، هەر بۆ ئەوەش سزای هەتاهەتایی قورسیان دەرکرد کە لەهیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە، ئەمەش لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە، کە ئەندامە لە کۆنسەی ئەوروپا”.
وتوشیەتی: دەبێت کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بەدواداچوونی جددیی بۆ بڕیارەکەی خۆی بکات، بۆ هەڵگرتنی سزای هەتاهەتایی تووند.