نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دیاریکرا

لڤین:

لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەكانی سلێمانی رایگەیاند، نرخی یەك ئەمپێڕ كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان دە هەزار بۆ یانزە هەزار و (500) دینار دەبێت.

لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەكانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی 11 ‌لەسەر بنەمای‌ نرخی سوتەمەنی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، نرخی كاتژمێرەكانی كاركردنی موەلیدەكان دیاریكرد.

بەپێی كۆنوسی كۆبونەوەی لیژنەكە‌، كاركردن و تەرخانكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان لە مانگی رابردوودا لەنێوان (215) بۆ (250) كاتژمێردا بووە، هەر كاتژمێرێك بە (46) چل و شەش دینار دیاریكراوە،‌ بەمەش نرخی یەك ئەمپێڕ كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان دە هەزار بۆ یانزە هەزار و (500) دینار دەبێت.

بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان‌ لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخی ئەمپێڕێك كارەبای موەلیدەی گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت، لە كۆنوسی كۆبونەوەكە جەختكراوەتەوە، ئەو موەلیدانەی كە دوو فیدەرن له ‌كاتی بڕانی یەكێك لە دوو فیدەركە نابێت موەلیدەكانیان كاربكات كە دەبێتە هۆی دروستبونی كێشە.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: خشتەی كارپێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان و دابینكردنی كارەبا بۆ هاوڵاتان لە مانگی12 بەجۆرێكە كە لەنێوان‌ كاتژمێر(7:00) بەیانی تا 1:00ی شەو هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویستە موەلیدەكان كارەبا دابین بكەن بۆ هاوڵاتیان.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button