بافڵ جەلال تاڵەبانی:ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئاستێکی خراپدا تێدەپەڕێت

لڤین:
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتوە،” ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئاستێکی خراپدا تێدەپەڕێت، پێویستە ھەموومان پارێزەری بەدیھێنانی مافەکانیان بین و کاربکەین بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆیان، ئەوە ئەرکە و دەبێت جێبەجێی بکەین”.
دەقی پەیامەکە:
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لامان رێزلێگیراون، وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردی لێیان دەڕوانین و لە پێشینەی کارەکانمانە خزمەتی زیاتریان بکەین و لە ئاست خواست و داواکارییەکانیان بین.
ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ئاستێکی خراپدا تێدەپەڕێت، پێویستە ھەموومان پارێزەری بەدیھێنانی مافەکانیان بین و کاربکەین بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆیان، ئەوە ئەرکە و دەبێت جێبەجێی بکەین.
ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشە بە میکانیزمێکی گونجاوتر خواستەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابین بکەن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا بەشدارێکی چالاکتری ناو کایەکانی کۆمەڵ بن، تواناشارەواکانیان بە گەڕبخرێت و شانبەشانی توێژ و چینەکانی تر خزمەتی زیاتری ھەرێمەکەیان بکەن.
ئەمڕۆ کە رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، باوەڕی تەواوم بە تواناکانتان هەیە، سەرباری ئاستەنگەکان دانەبڕاوان و لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا رۆڵ دەبینن، بۆیە ئێوە شایەنی گەرمترین پیرۆزباین لەم بۆنەیەدا و بەڵێنیشتان پێدەدەم پشتیوان و ھاوکارتان بم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵتان دەبێت بۆ بەدیھێنانی ئاوات و خواستەکانتان و دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆتان.
ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی