ڕۆژئاوای کوردستان هێڵە سورەکان بۆ دانوستان ئاشکرادەکات

لڤین
میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکرد هەریەک لەکوردو ڕژێمی سوریا بەڕەزامەندی ئەمریکاو بەسەرپەرشتی ڕوسیا لەسەر ئایندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتو ئیدارەی خۆسەر دەست بەدانوستان دەکەن، ئیدارەی خۆسەریش ئەو هێڵە سورانەی دەستنیشانکردوە کە لەدانوستانەکانیاندا ئامادهى سازش نابن لهسهریان.
بەگوێرەی ئاژانسی “هاوار نیوز”ی نزیک لە”پەیەدە”، حەسەن کۆچەر جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندوە، دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق لەسەر دوو پرەنسیپ بەڕێوەدەبەن، ئەوانیش داننان بەئیدارەی خۆسەرو پاراستنی تایبەتمەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە.
بەوتهى ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو دوو پرەنسیپە بەلای ئەوانەوە هێڵی سورەو قابیلی سازش لەسەرکردن نین.
کۆچەر جەختیکردۆتەوە، “ئیدارەی خۆسەر بەهیچ شێوەیەک بەبونی سەربازی ڕژێمی سوریا بەپێی ئەو تیگەیشتنە قبوڵناکات کە دەسەڵاتی دیمەشق دەیەوێت، کە ئەویش بریتییە لەخۆسەپاندنو گەڕانەوە بۆ هەمان دۆخی پێش سەرهەڵدانی خەڵکی سوریا لەساڵی 2011”.
بەوتەی بەرپرسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، “هێشتا ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق هیچ دانوستانێکی فەرمییان دەستپێنەکردوە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها چەند گفتوگۆیەک بوە، بهڵام ئێمه سورین لەسەرئەوەی دەبێت لەناو دەستوری ئایندەی سوریادا بەفەرمی دان بەئیدارەی خۆسەردا بنرێتو هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەشێک بێت لەسوپای سوریا، بەڵام تایبەتمەندیی تەواوەتیی بپارێزرێت، ئەو دوو خاڵەش لەدانوستانەکاندا جێگای سازشکردن یان دەستکاریکردن نابن”.