جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
پرسیارمان لە پارێزگاری سلێمانی کردووە دەڵێت “ڕاست نیە” دەستلەکار بکێشمەوە

لڤین:
بەرپرسێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پارێزگاری سلێمانی وتویەتیە بابەتی دەست لەکارکێشانەوەی ڕاست نییە.
بارزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باسی دەستلەکار کێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی کردووە.
ئەو ئاماژەی بەوەکردووە کە هەرچەندە هەردوکیان نوێنەرایەتی یەک حزبن بەڵام دەڵێت “بەڕێز پارێزگار دەڵێت، من بە فەرمی کەس پێی رانەگەیاندوم هەروەها خۆم داوام نەکردوە”.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: پێویستە ئەگەر ئەو دەستلەکاردەکێشێتەوە لەبەرئەوەی لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە دەبێت دەسلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت، بۆیە دەبێت سەرەتا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، بۆیە تا ئێستا نە نامەی بۆ ئەنجومەن ناردوە و بە شەخسیش بەوپێیەی هەردوکمان لە یەک حزبین پرسیارمان لێکردوە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا راست نیە.
ئەوەش دوای ئەوەهات کە دوینێ ماڵپەڕی درەو ئاشکرای کرد، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕۆژی ٣ی کانونی دووەم لە ساڵیادی دەست بەکاربونی وەک پارێزگار دەست لە کار دەکێشێتەوە و لە شوێنێ ئەو یەکێتی بە هێزترین کاندیدی دیاریکردووە.