خوێندکارانی ناڕازی: بافڵ جەلال تاڵەبانی کێشەکانی بۆ چارەسەر کردین

لڤین:

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە ئێوارەی رۆژی ( سێشەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ )ئەنجامیاندا نوێنەری خوێندكارانی خۆپیشاندەر رایانگەیاند،” داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خوێندكاران بە دەستپێشخەری بافڵ جەلال تاڵەبانی بە دەرفەت نەزانن بۆ لەبیر بردنەوە و گرنگترین خاڵمان كە بریتیە لە گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران”.

ئاماژەیان بەوە كرد بە سوپاسەوە یەكێك لەداواكارییە سەرەكییەكانمان لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی جێبەجێكراوە بریتی بوو لەوەی داوای لێبوردن لەو خوێندكارانە بكرێت كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە توند و تیژییان بەرامبەركراوە، داوامانكردووە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە بەردەم زانكۆكان بكشێنەوە بۆ ئەوەی شكۆ بۆ زانكۆكانمان بگەڕێتەوە بە سوپاسەوە هێزە ئەمنییەكان لەبەردەم زانكۆكان كشاونەتەوە، داوامانكردووە سەرجەم خوێندكارە زیندانیكراوەكانمان ئازادبكرێن بە سوپاسەوە هیچ خوێندكارێكمان لە زینداندا نەماون”.

نوێنەرانی خوێندكارانی خۆپیشاندەر ئەوەیان خستەڕوو،” مەكتەبی دارایی یەكێتی لەسەر راسپاردەی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵدەستێت بە دابینكردنی ئەو پێداویستییە ماددیانەی لە داواكاری خوێندكاراندا پێشكەشكراوە، داواكارییەكانیش بریتین نۆژەنكردنەوەی هەردوو زانكۆی سلێمانی و پۆلی تەكنیك، وەكو دابینكردنی فەرش و لۆكەر و هێڵی ئینتەرنێت و بۆ زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكان و رووناككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان، دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشە ناوخۆییەكان و چارەسەركردنی بەربەستەكان، چاككردنەوە سیستەمی گەرم كەرەوە و ساردكەرەوەی بەشە ناوخۆیەكان و هۆڵەكانی خوێندن، دابینكردنی پاس بۆ هاتووچۆكردنی خوێندكارانی دەرەوەی شار بە بێبەرامبەر، دابین كردنی سێ‌ بنكەی تەندروستی بۆ كەمپی ناوشار و نوێ و كۆلیژە كشتوكاڵیەكان، چارەسەركردنی ئەو خوێندكارانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە لە نەخۆشخانەی شۆڕش بێبەرامبەر ، دابین كردنی ئەمبوڵانسی زیاتر بۆ بەشە ناوخۆییەكان”.

باسیان لەوەشكرد،” جێبەجێكردنی ئەم داواكارییانە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە لەسەر بەڵێنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەنها بۆ زانكۆی سلێمانی نابێت”.

نوێنەرانی خوێندكارانی ناڕازی ئەوەیان ئاشكرا كرد،” لە رۆژانی رابردوودا ویستوومانە داواكارییەكانمان بەو پەڕی هێمنی و ئارامی و دوور لە توندو تیژی و دوور لە ئەجێندای لایەنی حزبی بگەیەنین بە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەرچی هەندێك رووداوی نەخوازراوو هەوڵدانی بەمەبەست بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان بوونە هۆی شێواندنی پەیامی خۆپیشاندانەكان بەڵام خۆشبەختانە پەیامەكانمان تا رادەیەكی باش گەشتووەتە لای دەسەڵاتدارانی هەرێم”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button