چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

لڤین:
پەرلەمانی کوردستان رۆژی چوار شەممە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان دەدات و سەبارەت بە خۆپیشاندانی خویندکارانیش بەدواداچونی دوو لیژنە دەخاتەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی پەرەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی گشت ئهندامهكانی پهرلهمان دەکات، بۆ دانیشتنی ژماره (٩)ی ئاسایی خولی پایزهی ساڵی سێیەم له خولی ههڵبژاردنی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە دانیشتنکە ڕۆژی چوارشەممە له كاتژمێر (١١)ی پێشنیوهڕۆ دەبێت و بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش لە تەوەری یەکەمیدا دەنگدان دەبێت لەسەر پڕۆژەیاسای (كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
لە تەوەری دووەمی دانیشتنەکە بەدواداچوونی هەردوو لیژنەی (ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنه خۆجێیەكان) و لیژنەی (پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی)، سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندكاران دەخرێتەڕوو.
تەوەری کۆتایی دابیشتنەکەی پەرلەمان خوێندنهوهی دووهم بۆ پڕِۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕِۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان) دەکرێت.