عوسمانی حاجی مەحمود: لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە بڕیارمان نەداوە
ناڕازیەکانی گۆڕان دەستیان بە دروستکردنی حزب کرد

لڤین:
ناڕازیەکانی گۆڕان دەستیان بە بونیادنانی کارە سیاسیەکانیان کردووە، وەک یەکەمکاریش لە ئێستادا خەریکی کردنەوەی میدیایەکی ئەلکترۆنین، لە ڕونکردنەوەیەکیشدا رەتیدەکەنەوە بڕیاری پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە درابێت.
گروپی ناڕازیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە عوسمانی حاجی مەحمود كەسایەتیی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، کەسی یەکەمیانە بە كردنەوەی ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی یەكەم هەنگاوی پڕۆژەیەكی نوێی سیاسیی دەست پێدەكەن.
ئەو ماڵپەڕەی کە لە ئیستادا خەریکی کردنەوەین ناوی (متمانە نێت)ە و لەلایەن بێستون فایەق، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت و بەشیکی زۆر لە کەسایەتیەکانی ناو ئەو پڕۆژە سیاسیە ریکلامی بۆ دەکەن.
لە ڕونکردنەوەیەکیشدا کە پەیجی ئەو ماڵپەڕە بە ناوی عوسمانی حاجی مەحمود بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوام لە نێوان ئێمەو چەندین کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی دڵسۆز و خەمخۆردا ھەیە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان و ژیانی خەڵک و دۆزینەوەی دەرەچەیەکی گونجاو ، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە ھیچ جۆرە بریارێك نەدراوە .
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست (لڤین پرێس) کەوتووە، تا ئێستا ڕێکارە یاساییەکانی ئەو ماڵپەڕە تەواو نەبوون و لە ڕوی هونەریشەوە کاری ماوە، بەڵام لە ئێستا لە فەیسبوک پەڕەی بۆ دروست کراوە و پێناسی خۆی بڵاوکردووەتەوە تێیدا دەڵێت “پڕۆژەیەكی میدیای سیاسی ھەواڵی شیكاری گشتیە، زمانحاڵ و مینبەری بەشێكی دیاری ئەو سیاسی و كارەكتەرانەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵات و ھێزە سیاسیەكانی ئێستا بە ئامانجی گەڕانەوەی ھیوا و ئومێد لەھەوڵی بنیاتنانی متمانەیەكی بەردەوام دان”.
لە نێو سەرپەرشتیارانی پڕۆژە سیاسیەکەدا چەند ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی عێراق و کوردستان و چەند ئەندامێکی پێشووی جڤاتەژانی بزوتنەوەی گۆران تیادا بەشدارن.
لە ڕونکردنەوەکەی عوسمانی حاجی مەحمود لەبارەی کردنەوەی ماڵپەڕەکە دەڵێت “ماڵپەڕو پەیجی (متمان نێت) یش تەنھا میدیایەکەو ئامانجەکەی خزمەتی خەڵک و ئەو ئاراستە و بیرکردەوانەیە کە لە خەمی دۆزینەوەو بنیاتنانی ھیوا و ئومێدن بۆ ئایندەی گەلەکەمان”.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی رابردوودا دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیتوانی هەیچ کورسیەک بەرێتەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە کردووە کە لەو پڕۆژەیەدا بڕیارە کار بکەن.
بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان بە مەبەستی ئەوەی دەنگەکان بڵاو نەبن و پێکەوە لەناو بزوتنەوەی گۆراندا کار بکەن، لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود و ئەو کەسایەتیانەی کاری لەگەڵ دەکەن کۆبونەتەوە، بەڵام مەرجی یەکەمی عوسمانی حاجی مەحمود و ئەوانی دیکەش گەڕانەوەی گردی زەرگەتە بووە بۆ بزوتنەوەی گۆران ئەو مەرجەش پەسەند نەکراوە.
لەماوەی رابردووش عەبدوڵای مەلانوری یەکێک لە پەرلەمانتارە دیارەکانی پێشووی گۆڕان بڕیاریداوە حزێکی نوی دروست بکات و یەکەمین راگەیەندراویش بەناوی حزبەکەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا کارەکای ئەو حزبە دیار نییە بەشێوەیەکی رانەگەیەندراو کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.
حزبە نوێیەکەی عوسمانی حاجی مەحمود،لە قۆناغی یەکەمیدا کار لەسەر پرۆژە میدیاییەکەی دەکات و سەرچاوەی داهاتی میدیاکەش لەلایەن پەرلەمانتار و ئەو کەسانەوە دابین دەکرێت کە پێشتر پۆستی حکومیان لەسەر بزوتنەوەی گۆران وەرگرتووە و لە ئێستادا لە بزوتنەوەکە دوورکەوتونەتەوە.
پێشتر عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی دوو کەسایەتی هەهرە دیاری ناو بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە هۆی شێوازی کاری بزوتنەوەکە لێی کشانەوە و سەرەتا چاوەکان لەسەر قادری حاجی عەلی بوو کە پڕۆژەیەکی سیاسی هەبێت بەڵام لەدوای کۆچی دوایی ئەو کەسایەتیە ئاراستەی جاوەکان گۆڕان بۆ عووسمانی حاجی مەحمود.