دوو لیوای تری پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوازی چەکەی بانکی مووچەکانیان وەرگرت

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بڵاوی کردوەتەوە ڕایگەیاندوە،” رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ۲٤ـ۱۱ـ۲٠۲۱، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و پاڵپشتی راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا، سەرپەرشتی دابەش کردنی مووچەی هەردوو لیوای ۲ و ٤ی پیادەی وەزارەتیان کرد، کە بەشێوەی چەکەی بانکی دابەشکرا”.

هەروەها تێیدا هاتوە،” بۆ ئەم مەبەستە، عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی، بە مەیدانی سەردانی بانکی گارەی کرد لە شاری دهوک، بۆ چاودێری کردنی شێوازی دابەشکردنی مووچەی لیوای ٤ی پیادە”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی، سەرجەم یەکە ئیداریەکانی شێوازی مووچە وەرگرتنیان بۆ سیستەمی چەکەی بانکی جێبەجێکردوە، لە مانگی پێشوودا لیوای ۱ی پیادەش بەم شێوەیە موچەکانیان وەرگرت، لەم مانگەشدا هەردوو لیوای ۲و٤ بەو شێوەیە مووچەیان وەرگرت”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” لای خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ ڤۆس پاوڵ راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا، بەرێوەچوونی پرۆسەکەی بەسەرکەوتوو ئەژمارکرد و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button