قوباد تاڵەبانی: پێویستە لەماوەیەکی نزیکدا حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت

لڤین:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پیتەر ستێپانیک باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک کردەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 23/11/2021 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەیدا و ئامادەیی خۆی و حکومەتی هەرێمی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری چیک دەربڕی.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد زیاتر پەرە بە کارەکانی کۆنسوڵخانەی کۆماری چیک لە هەرێم بدرێت.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەموو هاوکارییەکانی کۆماری چیکی کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری تەندروستیدا. جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕانی کۆماری چیک کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە مەبەستی سودوەرگرتن لە ئەزمونی چیک لە بواری چاکسازیدا هاوکاری حکومەتی هەرێمیان کردووە.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەوەی کە پێویستە لەماوەیەکی نزیکدا حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ویست و داخوازییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button