ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی کورد لە بیلاروسیاوە دەگەڕێنەوە هەرێم

لڤین:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا ڕایگەیاند، بڕیار وایە ئەمشەو ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی کورد لە ووڵاتی بیلاروسیاوە بگەڕینەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو کۆچبەرانە لەسەر ئەرک و مەسرەفی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم. 

ئەمڕۆ ( سێشەممە، ٢٣ی تشرینی دوەمی ٢٠٢١ ) دانەر ئەبوبکر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە، ”سوپاسی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە چاوپۆشیان کرد لە چەند بابەتێکی یاسایی و بەبڕە پارەیەکی کەم پشکنینی کۆڤیدـ19 یان بۆ کۆچبەران ئەنجامداوە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە لە وڵاتی بیلاروسیاوە بۆ هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بە ژمارەی کۆچبەرەکان، ئاشکرای کردوە، ”ئەو کۆچبەرانەی بڕیار وایە ئەمشەو بگەنەوە هەرێمی کوردستان ژمارەیان نەزانراوە، بەڵام زۆربەیان خەڵکی شارەکانی هەولێر و سلێمانین”.

ئەوەشیخستەڕوو، ”کۆچبەرەکان بە ئارەوزومەندانە دەگەڕینەوەو لەسەر ئەرک و مەسرەفی خۆیان بلیتی فرۆکەیان بریووە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button