عوسمانی حاجی مەحمود: کۆمەڵگە لە ئاستێكی فراوان لە شێوازی حوکمڕانی و دەستەبژێری سیاسی باڵادەست ناڕازین

لڤین:

سەرکردەیەکی دیاری باشووری کوردستان، کاتی ئەوە ھاتوە ئەو ھەڵوێستانەی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لەپێشینە سەیربکرێن.

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و گردبوونەوەى خوێندکارانى لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک بەڕێوە چووەو لە سلێمانیش گرژی لەنێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان روویدا،عوسمان حاجی مەحمود، سەرکردەی دیاری باشووری کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێک لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

عوسمان حاجی مەحمود لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ” لەماوەیەکی کورتدا سێ دەرکەوتەی جیاواز دەركەوتن و بەڵگەن بۆ ھەلوێستی زۆرینەی جەماوەر دەرهەق ئەقڵیەتی دەسەڵات و فۆرمی حوكمرانی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان، بەشدارینەکردنی فراوانی خەڵک و سوتاندنی دەنگ و بایكۆتكردن لە دوا ھەلبژاردنەکاندا، ئەو رێژە فراوانە نارازییەی جەماوەری خستە روو كە هیچ ئومێدێكیان بە هەڵبژاردن نییە”.

پەیامێك لە عوسمانی حاجی مەحمودەوە:

لەماوەیەکی کورتدا سێ دەرکەوتەی جیاواز دەركەوتن و بەڵگەن بۆ ھەلوێستی زۆرینەی جەماوەر دەرهەق بە ئەقڵیەتی دەسەڵات و فۆرمی حوكمرانی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان، بەشدارینەکردنی فراوانی خەڵک و سوتاندنی دەنگ و بایكۆتكردن لە دوا ھەڵبژاردنەکاندا، ئەو رێژە فراوانە نارازییەی جەماوەری خستە روو كە هیچ ئومێدێكیان بە هەڵبژاردن نییە، پاش ئەوەش کۆچی بەکۆمەڵ و رووكردنە هەندەران و ژیانی نادیار، دەرخەری ئەوەیە چ ویستێكی بەهێز هەیە بۆ جێهێشتنی نیشتمان كە ئەویش بەرێژەیەكی زۆر هەر بەرئەنجامی ناعەدالەتی و ستەم وگەندەڵییە، هەروەها نائومێدییە بە حوكمرانی و بەڵینەكانی كە لەوانی دەبیستن. دواكردەش خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی خوێندکارانە بەو فراوانییەی بەشێكی زۆر لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی گرتوەتەوە.

ھەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە ئاستێكی فراوان لە شێوازی حوکمڕانی و دەستەبژێری سیاسی باڵادەست نارازین و خوازیاری گۆڕانكاریین، بۆیە کاتی ئەوە ھاتوە ئەو ھەڵوێستانەی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لەپێشینەو بە بایەخەوە سەیربکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و ببنە هۆی راچڵەكینیان و هەنگاوی كرداری بەدوادا بێت.

ئەركی هەموو ئەوانەش كە بەخەمی وڵات و ئایندەی نەوەكانیانەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی مەدەنیانەی خوێندكاران بكەن بەمەبەستی بەپیرەوە هاتنی داخوازییەكانیان و جێبەجێكردنیان.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button