کۆمەڵی دادگەریی هەڵوێستی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان ڕاگەیاند

لڤین:
ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی داوای ڕەوای قوتابیانو خوێندکاران دەکات.
ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و گردبوونەوەى خوێندکارانى لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک بەڕێوە چووەو لە سلێمانیش گرژی لەنێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان روویدا، لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵی دادگەریی هەڵوێستی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان ڕاگەیاند.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بِسْمِ الڵّەِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی داوای ڕەوای قوتابیانو خوێندکاران دەکات، کە داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆو خەرجکردنی دەرماڵەو دابینکردنی خزمەتگوزایی بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان دەکەن، داواکارییەکانیان مافی ڕەوای خۆیانهو ئەرکی حکومەتە کە جێبەجێی بکات، لەچاو ئەو ھەموو گەندەڵیو نادادیو بەھەدەردانی ماڵی گشتیی لە کۆمەڵێک بواری پوچدا، کە زۆرێکی لە زەرەری گشتیو سوودی کەسیی دا خۆی دەبینێتەوە، داوایەکی بچووکو سادەیە.
گەر ئەم دەسەڵاتەش نیگەرانە لە کۆچی بەلێشاوی گەنجو لاوی کوردستان، کە بووەتە لەکەیەک بەسەر حکومەتەوە لە وڵاتانی ئەورپاو دەرەوە، ئەوا با بەزوویی بەدەم داواکاریی ڕەوای قوتابیانو خوێندکارانەوە بچێت.
حەق وایە حکومەتی ھەرێم ھەوڵ بدات مافی چینو توێژەکانی گەلەکەمان دابین بکات، پێش ئەوەی سەر بۆ خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی بکێشێت.
ئێمە بە ھەموو شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیانو خوێندکاران ئیدانه دهكهینو بە لارێدابردنی خۆپێشاندانەکان خزمەت بە داوا رەوای قوتابیان ناکات.
وتەبێژی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
٢٣/١١/٢٠٢١
١٨ / ربیع الپانی / ١٤٤٣ ھـ