یەکێتی: پشتیوانی داواكاری رەوای خوێندكارانین

لڤین:

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی داواكاری رەوای خوێندكارانن و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات دەرماڵەكانیان بۆ خەرجبكات و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات.

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەڵوێستی یەكێتی لەسەر خۆپیشاندانەکان ئاشکراکرد و رایگەیاند” یەكێتیی پشتیوانی داواكاری رەوای خوێندكاران دەكات و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات داواكاریییەكانیان لەبەرچاو بگرێت و دەرماڵەی خوێندكاران خەرجبكات و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات”.

وتەبێژی یەكێتی داوا لەهێزە ئەمنیەكان دەكات کە دانبەخۆیاندا بگرن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەكارنەهێنن، چونكە داواكارییەكانیان رەوایە.

هەروەها ئەمین بابە شێخ داواش لەخۆپیشاندەران دەكات بەشێوەیەكی شارستانی و ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن و دوور بكەونەوە لە هەموو كارێكی توندوتیژی و ئاژاوەنانەوە و رێگەش بە هیچ لایەنێكی نابەرپرس نەدەن خۆپیشاندانەكان بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی چەوتی قۆرغبكات و بەكاربهێنێت.

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان و گردبوونەوەى خوێندکارانى لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک بەڕێوە چووەو لە سلێمانیش گرژی لەنێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان روویدا، بەوهۆیەشەوە خوێندکاران و کەسوکاریان و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش یەکێتى بە بەرپرسیاری ئەم گرژییەو توندوتیژیەی هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار دەکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button