بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی خۆپیشاندان و گرژییەکان ھاتەدەنگ

لڤین:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی، هه‌ندێك له‌ئاماده‌بووانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئەمرۆی خوێندكارانی‌ زانكۆ خوێندكار نین و به‌چه‌قۆو بۆكس خه‌نجه‌ر هێرشیان کردە سەر هێزەکانی چالاکە مەدەنیەکان.

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌

ماوه‌ی‌ دوو ڕۆژه‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ داواكردنی‌ ده‌رماڵه‌، وه‌ك ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ خوێندكاره‌كانمان و هێمنی‌‌و ئاسایشی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌رده‌وام بووین له‌پارێزگاری‌ لێ كردنیان.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ندێك له‌ئاماده‌بووانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ به‌ده‌ست ئێمه‌ گه‌یشتوه‌و به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واومان لایه‌ كه‌ خوێندكار نین، ده‌ستیانكرد به‌ به‌رد هاویشتن به‌ئاراسته‌ی‌ هێزی‌ چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌‌و هێرشكردنه‌ سه‌ریان به‌چه‌قۆو بۆكس خه‌نجه‌ر، ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌م كاره‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزیی دروست بوو چه‌ند ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندێك و چه‌ند خوێندكارێك بریندار بوون به‌ به‌ردو دار، برینداره‌كان چاره‌سه‌ری‌ پزیشكیان بۆ ئه‌نجامدراوه‌و باری‌ ته‌ندروستیان جێگیره‌.

وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ خوشك‌و برا خوێندكاره‌كانمان بۆ هه‌ر تێبینی‌‌و گله‌یی‌و گازه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان.

داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌م داواكاریی‌و دابینكردنی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ خوێندكارانه‌وه‌ بچن، له‌هه‌مانكاتیشدا داوا له‌خوشك‌و برا خوێنكاره‌كانمان ده‌كه‌ین كه‌ گردبونه‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كانیان به‌شێوازی‌ هێمنانه‌و شارستانیانه‌ ئه‌نجام بده‌ن‌و نه‌هێڵن خه‌ڵكانی‌ گومانلێكراو چالاكییه‌ شارستانییه‌كه‌یان لێ تێكبده‌ن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button