بزوتنەوەی گۆڕان: پشتگیری تەواوی داوا رەواکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەین
لڤین:
پاش ئەوەی ماوە چەند ڕۆژێکە لە زۆربەی شار و زانکۆکانی هەرێم خوێندکارانی زانکۆ دەستیان بە خۆپیشاندان کردوە بە مەبەستی داواکاری پێدانی دەرەماڵەی مانگانەیان، و ئەمڕۆ ( دووشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوام بوو، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خویندکاران دروست بوو و چەند خوێندکارێک بریندا بوون، بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
پشتگیری تەواوی داوا رەواکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەکەین، کە ئەمڕۆ (دووشەمە ٢٢ی١١ی٢٠٢١) بەھۆی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان روبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان بوونەوە و ژمارەیەکیان دەستگیرکران.
ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ مافە رەواکانی خوێندکارانین و دەنگمان لەگەڵ دەنگیانە، داواش دەکەین حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەبری بەکارھێنانی توندوتیژی و گوێنەگرتن لە داواکانی خوێندکاران، بەپیر داخوازییەکانیانەوە بچن و دەرماڵە و پێداویستیەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکەن.
ئەرکی ھێزە ئەمنیەکانیشە مامەڵەیەکی تەندروست و مەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن و، ھاوکاری ئارامی و ئاسایشی شارەکان و پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران بن.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٢ی١١ی٢٠٢١