سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:

سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، داواکاری خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین، وە ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن.

پاش ئەوەی ماوە چەند ڕۆژێکە لە زۆربەی شار و زانکۆکانی هەرێم خوێندکارانی زانکۆ دەستیان بە خۆپیشاندان کردوە بە مەبەستی داواکاری پێدانی دەرەماڵەی مانگانەیان، و ئەمڕۆیش لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خویندکاران دروست بوو و چەند خوێندکارێک بریندا بوون، زانکۆی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئاشکرایە ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هاوکات لەگەڵ خوێندکارانی بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بەخۆپیشاندان کردووە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ، کەلەساڵی (2014)ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەسەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستێنراوە .

ئێمەش وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەم داواکارییەی خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین، وە ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن، وە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە پێشتر چەندین جار ئەم داواکارییەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، یەکێکیش بووە لەکارنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

هەر بۆیە لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ خوێندکارانی زانکۆ جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر داواکارییان بەدابینکردنی دەرماڵەی زانکۆیی بۆیان. وە لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەداخەوەچەند بەریەککەوتنێکی نەخوازراو لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا ڕویداوە، ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.

داواکارین لە خوێندکارانی زانکۆکەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان وبەردەوامی ڕەوتی خوێندن پابەندبن بە خوێندنی وانەکانیان و داواکارییەکانیان بەشێوازێکی شارستانی پێشکەش بکەن بەجۆرێک کەلە ئاستی پێگەی خوێندکاری زانکۆدا بێت، ئێمەش وەک هەمیشە پشتیوانی داوا رەواکانیان دەکەین و بەدواداچونمان بەردەوام دەبێت لە پێناو دابینكردنی دەرماڵەی مانگانە بۆ سەرجەم خوێندكارانی زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان.

سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button