دەزگای خێرخوازی بارزانی: ئەو ژنەی 32 دەفتەرەکەی وەرگرتووە پەیوەندی بە ئێمەوە نەبووە

لڤین:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو ئافرەتە بڵاوکردەوە کە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە دەڵێت، ئەو ئافرەتە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.
دوێنێ ژمارەیەک هاوڵاتی لە هەولێر بە میدیاکانیان راگەیاند، ئافرەتێک زیاتر لە 32 دەفتەر دۆلاری لێوەرگرتوون و خواردوویەتی و بۆی نەگێڕاونەتەوە، خۆی سوتاندووە.
ئەو کەسانە ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو ئافرەتە سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی یوئێن بووە و دوای ئەوەی سوتاوە بە چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند “ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین خوالێخۆشبوو هاوڵاتی (سەبریە قاسم یەحیا) دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە نەبووە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە “رایدەگەیەنین ئەو هاوڵاتییە هیچ كات نە كارمەند، نە خۆبەخش و نە هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەبووە، بەڵكو بەشێوەیەكی سەربەستانە و بەناوی رێكخراوگەلێكەوە پارەی لە خەڵك وەرگرتووە.”
بەڵام ئەو هاوڵاتیانە باسیان لەوەکرد کە بۆخۆیان لەماوەی رابردوو هاوکاریان کردووە لە دابەشکردنی پێداویست بەسەر ئەو کەسانەی پێویستیان پێی بووە.