شەپۆڵێكی باران بارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەکات

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لە سبەی شەممەوە تاكو دووشەممەی داهاتوو بە بڕی جیاواز پێشبیی باران بارین دەكرێت و كاریگەری ئەم شەپۆڵە بارانەش زیاتر لە رۆژانی یەك شەممەو دوو شەممەدا دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەهۆی درێژبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەكەمان، رۆژی شەممە لە كاتەكانی بەرەبەیان ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەورو پاشان بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی كەم لە سنووری پارێزگای هەولێرو پاشان باران بارین لەسەر هەندێ لە بەشەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی كەشناسی سبەی شەممە، ئەگەری بەفربارینێكی كەم لە لوتكەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبێت.

بۆ رۆژی یەكشەممە كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، ئاسمان نیمچە هەور بێت و ئەگەری نمە باران لەسەر بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكان هەبێت و لە هەندێ كاتدا سەنتەری پارێزگاكان تەنها نیمچە هەور دەبێت.

هاوكات، بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، رۆژی دووشەممە كاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر ناوچەكە زیاد دەكات و بارانبارینی مامناوەند لە تەواوی ناوچەكە دەبارێت و هەندێ ناوچە لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكان لێزمەبارانی دەبێت بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێرو سنووری پارێزگای دهۆك.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button