چی وای لە کوردی عێراق کردووە وڵاتە ئارامەکەیان بەجێبھێڵن؟

لڤین: Bobby Ghosh

بوونی ھەزاران کوردی عێراقی لەنێو ئەو پەنابەرانەی لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا گیریان خواردووە، زۆرێک لە ئەمریکی و ئەوروپییەکانی توشی سەرسوڕمان کرد، کە پێیان وابوو ئەو ھەرێمە کوردییە تەنیا بەشێکی عێراقی وێرانەیە کە بە پاڵپشتییەکی گەورەی خۆرئاوا لە کارەساتێکی فراوانتر رزگاری بووەو لەکاتی جەنگی ٢٠٠٣وە مامەڵە لەگەڵ ھاوپەیمانان دەکات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.

ھەوڵی زۆرێک لە کوردەکانی عێراق بۆ ھەڵاتن لە ناوچەکە، ئاستی بێئومێدییان لە ئاسۆی ئابوری و سیاسەت لە سەردەمی دوای سەددام حسێندا نیشان دەدات.

دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی تردا رۆیشت کاتێک دوای جەنگی ئەمریکا، ناوەڕاست و باشوری عێراق لەناو خوێنی شەڕی تائیفیدا نقوم بوو، بەڵام پارێزگاکانی باکوری لەژێر حوکمی خۆبەڕێوەبەرێتی ھەرێمی کوردستاندا گەشەی ئابوری بەخۆوە بینی. ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت کە ژینگەیەکی سیاسی وەھای ھەبوو دەکرا پێشبینی لێبکرێت و تاڕادەیەکی زۆر توندوتیژی تێدا نەبوو، سەرمایەدارانی لە سەرتاسەری جیھانەوە بەلای خۆیدا راکێشا، ھۆتێل و سەنتەری بازرگانی و تاوەری نیشتەجێبوونی بەخێراییەکی زۆر تێدا دروستکرا، بەجۆرێک شارە کوردییەکان بە شاری (دوبەی) بەراورد دەکرا، ھاوکات پێشکەوتنی دیموکراتی زیاتری تێدا بەدی کرا. جیاوازی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق ساڵی ٢٠١٤ دەرکەوت، کاتێک یەکە سەربازییەکانی عێراق لەناو جەرگەی وڵاتدا لەبەردەم ھێرشی داعشدا داڕمان، ھێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ھێرشی داعشیان لەبەردەم دەرگاکانی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا راگرت.

ھەڵاتن لە پەناگە ؟

جیاواز لەو کارەساتەی کە بەسەر دراوسێکانیاندا ھات و بەھۆیەوە ملیۆنان کەس لە ناوچەکانی تری عێراق و لە سنورەکانی سوریا بەھۆی جەنگەوە ھەروەھا ئێران کە سزا ئابورییەکان شەکەتی کردووە، ئاوارەبوون، کوردەکانی عێراق بە سەقامیگیری و ئارامی مانەوە، لەمەش زیاتر کوردستانی عێراق بوو بە پەناگە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆی توندوتیژییەوە لە وڵاتانی دراوسێوە ھەڵاتبوون.

بە روکەش ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا نەھات و کوردستانی عێراق بە بەراورد بە دراوسێکانی، لە ئاسایشێکی رێژەیدا مایەوە. پێشبینییە ئابورییەکان بۆ ھەولێر وەکو بەغداد تاریک نەبوون، چ جای ئەوەی بگات دیمەشق و تاران، بەڵام کاتێک پەنابەران لەرێگەیاندا بۆ ئەوروپا باس لە چیرۆکی خۆیان دەکەن لەبارەی ئەو تاوانانەی کە بەھۆیەوە ھەڵاتوون، زۆربەی کات کوردەکان ئەو ھاوسۆزییە زۆرەیان بۆ دەرنابڕدرێت کە بۆ ئەفغانی و سورییەکان نیشان دەدرێت.

سەرباری ئەوەی ئەوان بەھۆی گرتنە دەستی دەسەڵات وەکو بزوتنەوەی تالیبان یان ستەمکارێک کە کۆمەڵکوژی کردبێت وەکو بەشار ئەسەد ھەڵنەھاتوون، بەڵام کوردەکانی عێراق بەھۆی شکستی سەرکردەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە داویانە، بێئومێدبوون، ئابوری نەبوژاوەتەوە کە بەرادەیەکی زۆر پشت بە ھەناردەی نەوت دەبەستێت و لە ٢٠١٤ وە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دەستی پێکرد، ھێشتا نازانرێت بوژانەوەی ئەمدواییە بۆ ماوەیەکی پێویست بەردەوام دەبێت، ھەروەک بێکاریش زۆرێک لە کوردەکانی ناچار کردووە شارەکان بەجێبھێڵن و روو لە کشتوکاڵ بکەن.

دەستکەوتە دیموکراتییەکانیش لەرزۆک بوون، قۆرخکاری خێڵ ھەژمونی بەسەر ژیانی سیاسیدا کردووە، ئەمەش بەھۆی نەبوونی چاکسازی سیاسییەوە، حکومەت لە ھەولێر ستەمکارتر بووە، ھەستاوە بە زیندانکردنی نەیارانی سیاسی و کەپتکردنی میدیا. ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت لە کۆتایی ساڵی رابردوودا نەیتوانی ئەو گەندەڵییە کەمبکاتەوە کە بڵاوبوەتەوە.

ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا ھەستی بەوە کرد بارودۆخی کوردستانی عێراق وایکردووە گەلەکەی بکرێت بە نێچیرێکی ئاسانی پلانەکەی بۆ راکێشانی کۆچبەرن بۆ وڵاتەکەی و بەرەڵاکردنیان بە ئاڕاستەی خۆرئاوای ئەوروپادا. رێوشوێنەکانی پێدانی ڤیزای ئاسان کردو ژمارەیەکی زیاتر گەشتی ئاسمانی بۆ مینسک رێکخست، ھێزە ئەمنییەکانی بیلاروسیا کۆچبەرەکانیان بەرەو سنور برد، حکومەتەکانی ھەولێرو بەغداد ھەوڵی رێگریکردنیان لەو کۆچە بەکۆمەڵە نەکرد.

حکومەتی عێراق لە کاتێکی درەنگوەختدا پێشنیازی گەڕنەوەی بۆ وڵات خستە بەردەم کۆچبەران، بەڵام راپۆرتەکان لە سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە باس لەوە دەکەن زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد روبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرمای زستان بە باشتر دەزانن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، سەرباری ئەوەی ریشەی بێئومێدییەکەیان بۆ تێکشانی ئومێدیان دەگەڕێتەوە نەک مەترسی مردن ھاوشێوەی کۆچبەرانی تر.

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:درەو میدیا

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button