سەرۆکی دەزگای لوتکە: نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕوسیا هەیە

لڤین:

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، کۆچی خەڵک لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەیە بە نەبونی کار و خراپی خزمەتگوزاریەکانەوە دەشڵێت حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هاوکاریەکی کۆچبەرانیان نەکردووە بۆ گەڕانەوەیان.

ئاری جەلال، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕوسیا هەیە کە زۆرترینیان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیەش سێ-چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنورن.

ئەو وتیشی: لەماوەی ئەمساڵی ڕابردو نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر توانیوییانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا لە کەمپەکانی پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیادان.

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئەوەشی ڕاگەیاند”لەسەرەتادا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر زیاتر بوون لەو ژمارەیەی ئێستا کە باس دەکرێت، بەڵام بەهۆی وەڵام نەدانەوەی حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان” ژمارەکە کەم بۆیەوە.

ئاری جەلال جەختی لەوەشکردەوە” تا ئێستا نەحکومەتی هەرێم نە حکومەتی عێراق هیچ کامیان هاوکاری کرداری مادییان بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە نەکردووە، ئەوەی هەیە هێڵە ئاسمانییەکانە کە بلیتی گەڕانەوەیان بێ بەرامبەر پێدراوە”.

ئەوان داوایانکردووە، هاوکاری مادیی ئەو کۆچبەرانە بکرێت جگە لە بلیتی فڕۆکە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی خۆیان دروست بکەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا، چونکە زۆر لەو کۆچبەرانە هەموو ماڵی خۆیان فرۆشتووە لەو ڕێگایە دایانناوە.

سەرۆکی دەزگای لوتکە لەبارەی هاوکاری کردنی کۆچبەران بە بری 150 هەزار دینار دەڵێت “جا شورەیی نیە، کەسێک لە سلێمانیەوە بچێت بۆ هەولێر بڕی 150هەزار دینار خەرج دەکات، ئێستا ئەو بڕە پارەیە چیە بۆ کەسێک کە ڕەنگە ڤیزەکەی لە بازاڕی ڕەشدا کڕیبێتی بە (30-40 )وەرەقە جا دەبێت چەندی لەو ڕێگایەش خەرج کردبێت. ”

سەرۆکی دەزگاکە ئاماژە بەوەشدەکات “لە هەرێمی کوردستان ڕوونە لای هەموو کەس و هەموو دنیا نەبونی هەلیکار و بێ کاری و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، نەبونی موچە و بێ ئاوی و بێ کارەباییە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک کۆچ بکات و بۆ شوێن و ژیانێکی شایستەتر، من نازانم کەسێک لە سلێمانی یا هەولێر کۆچ بکات چ پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە؟ من لەمە تێناگەم”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button