بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت چاوپۆشی لە پێشێلکارانی یاسا بکرێت

لڤین:

بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندەیی ھێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، فەرماندەیی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە دەستخۆشی لێکردن لەبەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانیان و رۆڵیان لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا.

لەدەستپێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کرد و لەلایەن لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار پێشوازی لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ ھێزەکانیان کە رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و داواشی لێکردن وەک ھەمیشە ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ رووبەرووبوونەوەی پێشێلکارانی یاسا.

ھەر لە سلێمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لیوا رەمەزان دێکۆنی، فەرماندەی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی بەسەرکردەوە و ستایشی پێشمەرگە قارەمانەکانی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی کرد کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش ئازایانە لە سەنگەرەکاندا دەجەنگان، ئەمڕۆش بەھەمان شێوە لە سنوورەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ھاوشانی براکانی ترتان لە ھێزی پێشمەرگە لە ئەرکدان و ھەرێمەکەتان لە دەستی تیرۆر دەپارێزن.

لەلایەکی ترەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە فەرماندەیی بە ئامادەبوونی ھیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موقەدەم سەرخێڵ، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەردانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی کرد، لەنزیکەوە یەکە و بەشەکانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەسەرکردەوە و سوپاس و دەستخۆشی پێگەیاندن لەبەرامبەر شەونخونی، ماندووبوون و رۆڵیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی، پێیڕاگەیاندن جێگای شانازین و چالاکی و خەمخۆریتان بۆ ھەرێمەکەتان سەلمێنەر و دەرخەری دڵسۆزیتانە بۆ خاک و گەلەکەتان، روونیشیکردەوە لەماوەی رابردوودا دەستگیرکردنی دەیان تیرۆریست و شکستپێھێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئارامی لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایش ئەوەمان پێدەڵێت مەترسی تیرۆر ماوە و پێویستە بەئاگاتربن و بە پلانی نوێ و ستراتیژی ئەمنی تۆکمەترەوە خۆتان ئامادەبکەن و شکست بەھەر مەرامێک بھێنن کە ئارامی و ژیانی خەڵک تێکبدات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میانی سەردان و کۆبوونەوەکاندا تەئکیدیکردەوە لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری و روونیکردەوە ھیچ کەسێک لەسەروو بڕیارەکانی دادگاوە نابێت و بە ھەموو ھێزمانەوە رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە ژیان لە خەڵک تێکدەدەن و ئارامی دەشێوێنن، بۆیە نابێت چاوپۆشی لە پێشێلکارانی یاسا بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button