پڕۆژەی دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندکرا

لڤین:

جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دیدگای هاوبەش گەڵاڵەکرا بۆ راگەیاندنی ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ ھەمو ئەو کەس و ھەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەرانەی کە پێشتر کاریان لەگەڵ گۆڕان کردوە و ئێستا بە ھەر ھۆکارێک دوورکەوتونەوە.

راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

‏‎ئەمڕۆ چوارشەمە ١٧ی١١ی٢٠٢١، هەردو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابوریەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڵوێستەکردن لەسەر پرسی کۆچی گەنجان و هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا و، دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە.

‏‎سەرەتا گفتوگۆ کرا لەسەر دوا پەرەسەندەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێم، بەتایبەت دیاردەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان کە لەسەر سنوری وڵاتی بلاروسیا- پۆڵەندا لە دۆخێکی نەخوازراو و نادڵنیاییەکی زۆردا ئەژین. راستیەکی بەڵگە نەویستە، کە بە ھەند وەرنەگرتنی پاکێجەکانی چاکسازی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پێناو گۆڕانکاریکردن لە شێوازی ڕێکخستن و دابەشکردنی داهات و سامانی گشتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، هەروەها فراوانبونی تۆڕەکانی گەندەڵی و لاوازی و کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان ھۆکاری بنەڕەتین لە نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵات و سەرھەڵگرتنی سەدان گەنج و لاو و ھاونیشتیمانی، لە کاتێکدا ئەم کوتلە مرۆییە سامانێکی مرۆیی گرنگن بۆ گەشەپێدانی ژیانی سیاسیی و پێشخستنی وڵات.

‏‎بزوتنەوەن گۆڕان جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕیشەیی لە شێوازی دابەشکردنی داهات، فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری، باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە. ھاوکاتیش بەکارھێنانی ھەمو توانا سیاسیی و ئیداری و کارگێڕی و مرۆییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنوری بلاروسیا-پۆڵەندا گەمارۆدراون و تا ژیانیان لە مەترسی ڕزگاربکرێت.

‏‎بەشێکی تری کۆبونەوەکە، پەیوەست بو بە دۆخی رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ ئەو مەبەستەش ھەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتی دیدگایەکی هاوبەشیان پێکەوە گەڵاڵەکرد بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوەی بزوتنەوەکە و، راگەیاندنی ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ ھەمو ئەو کەس و ھەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەرانەی کە پێشتر کاریان لەگەڵ گۆڕان کردوە و ئێستا بە ھەر ھۆکارێک دوورکەوتونەوە.

‏‎لە دواین تەوەریشدا، پڕۆژەی دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن هەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیەوە پەسەندکرا، کە بۆ ماوەیەکی کاتی دروست دەکرێت و ئەرکەکانی بریتی دەبێت لە ئیدارەدانی بزوتنەوەکە و پێداچونەوە بە گوتاری سیاسی و میدیایی و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی. بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەو دەستەیەش، هەر دو جڤات گروپێکی پێنج کەسیان ڕاسپارد کە هەستن بە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو ھەڵسوڕاوە دیارانەی کە ئامادەن لە قۆناغی خۆڕێکخستنەوەی گۆڕاندا لە بزوتنەوەکەدا کار بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button