حزبی شیوعی: بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و نەبوونى دادگەرىی هۆکاری کۆچکردنە

لڤین:
حزبى شیوعیى کوردستان ڕایانگەیاند، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و نەبوونى دادگەرىی و دابیننەکردنى خزمەتگوزارییەکان هۆکارى کۆچکردنى هاوڵاتیان و گەنجانن.
حزبى شیوعیى کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوە و ڕابەر مەغدید سکرتێری یەکێتی لاوانی لقی هەولێری ئەو حزبە راگەیەندراوێکی خوێندەوە.
ئەو حزبە ڕاشی گەیاند: مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنورەکانى بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، مەترسیی گەورەی هەیە لەسەر ژیان و تەندروستییان بەهۆى سەرما و برسێتیەوە.
داوا لە رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەن بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران و کۆمەکیان پێ بگەیەنن.
لە گردبونەوەکەدا ڕاشیانگەیاند: بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لەلایەن دەستەڵاتدارانى هەرێم و نەبوونى دادگەریى، دابیننەکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک کارەبا، ئاو، تەندروستىی و هەلى کار هۆکارى کۆچکردنى هاوڵاتیان و بەتایبەت گەنجانن بۆ دەرەوەى وڵات.