جەمیل هەورامی سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماردەکات

لڤین:

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو وەزارەت تۆماردەکەن.

جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، ( ئەمڕۆ سێ شەممە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ )  ڕایگەیاند،” ئەمڕۆ گردبوونەوەیەک ئەنجامدەدەین و لە رێگەی بەشی یاساییمانەوە لە دادگای کارگێڕی سکاڵا لە دژی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری و پێشمەرگە تۆمار بکەین”.

سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە سەرۆکی کۆمەڵەی پێشنەرگە دێرینەکان، ئاشکرای کرد،” هۆکاری سکاڵاکە ئەوەیە بەپێی یاسای ژماری 38ی ساڵی 2007ی خانەنشینی پێشمەرگە، کە سەرەتا چوار ساڵیان پەکخست و دواتر جاش و موستەشارەکانیان هاوتاکردووە لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی بە کردەیی پێشمەرگە بوون و بۆ ئەوانیش ساڵێک خزمەتی پێش راپەڕین بە دوو ساڵ هەژمارکراوە، کە ئەمە نادادییە و قبوڵی ناکەین ئەو جاش و موستەشارانەی بەعسی بوون وەکو ئێمە بە پێشمەرگە هەژماربکرێن و خانەنشین ببن بە پلەی لیوا و پلەی دیکە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ژمارەی ئەندامەکانیان ڕایگەیاند،” ئێمە نزیکەی 18 هەزار ئەنداممان هەیە و بەناوی هەموو پێشمەرگە دێرینەکانەوە ئەو سکاڵایە تۆماردەکەین”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button