نزار مەحمود: جڤاتی نشتیمانی کۆدەبێتەوە و بڕیاری گرنگ بۆ ڕزگار كردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەردەکات

لڤین:

ئەندامێكی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی گرنگی جڤاتی نشتیمانی ئەنجام دەدەین و لە كۆبوونەوەیەدا بڕیاری گرنگ بدەین بە ئاراستەی ڕزگار كردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو قەیرانەی تێی كەوتووە.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاندوە.” بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەی ئەو قەیرانەی كە بەرۆكی بزوتنەوەی گۆڕانی گرتووە ڕەشنوسی پرۆژەیەكی گرنگ و باشمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی جڤاتی نشتیمانی دەنگی لەسەر بدرێت و ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكەین، چونكە ناكرێت درێژە بەم دۆخەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت لە كاتێكدا ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لەكار كێشاوەتەوە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشكردوە،” لەچەند ڕۆژی داهاتوودا جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبینەوە، مەرج نییە لەو كۆبوونەوەیەدا رێكخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێرین، چونكە ڕاستە لە ئێستادا ( عومەری سەیدعەلی) و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی ڕێكخەرێی نوێ‌ و ئەندامانی نوێی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرین ئەوان بەشێوەی كاربەڕێكەر لە پۆستەكانی خۆیان بەردەوامن”.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستوەتە ڕوو،” تا ئێستا دیار نییە كە كێ‌ جێگەی (عومەری سەیدعەلی) وەك ڕێكخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، بەڵام لەوە دلنیابووینەتەوە كە جارێكی دیكە ( عومەری سەیدعەلی) خۆی بۆ هیچ پۆستێكی ناو بزوتنەوەی گۆڕان هەڵنابژێرێتەوە، چونكە جاری پێشووش هەربۆخی حەزی نەدەكرد ببێتە ڕێكخەری گشتی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button