سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دژی سزادانی گیراوانی بادینان هەڵوێستی خۆی دەربڕی

لڤین:
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، دژی سزادانی گیراوانی بادینان، لەلایەن دادگای هەولێرەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕی و داوا دەکات بڕیاری زیندانی کردنی چالاکوانان بە دوور بگرێت لە ململانێی سیاسی و پێشێلکردنی سەروەری یاساکان.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، دژی دەرکردنی سزای شەش زیندانییکردن بەسەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لەلایەن دادگای هەولێرەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا هاتووە: “پێویستە لە هەرێمی کوردستان تەواوی ئازادی رادەربڕین و چالاکی مەدەنی دەستەبەر بکرێت و سەروەری یاسا و ڕێکاری یاسایی بەپێی یاسا بەرکارەکانی بواری ڕۆژنامەگەری و چالاکی مەدەنی بپارێزێت و دادگاکان سەروەری و بێلایەنی خۆیان بپارێزن”.
هەروەها سەندیکا ڕایگەیاندووە کەلەگەڵ تەواوی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندان لە هەرێمی کوردستان و جەختیشدەکاتەوە لەوەی کە پیویستە بڕیاری زیندانی کردنی چالاکوانان بە دوور بگرێت لە ململانێی سیاسی و پێشێلکردنی سەروەری یاساکان.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هاوکات داوای جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارەی ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ کەیسی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسانی پیشەیی، وەک خۆی و لەسەر هەمووان دەکات، هەروەها لە بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕوی هەرێم دەبێتەوە، سەندیکا داوای ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیانە دەکات.