ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم ھەڕەشەو مەترسییە لەسەر ماف و ئازادی بیروڕا

لڤین:سۆران عومەر

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دژی ئەو خێزان و ھاوڵاتیانەی ھەرێم دەرکردووەو تۆمەتی ناڕاست دەخاتە پاڵیان، سەرلەبەری ئەو بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕاستە، کە دەمامکی بەناو دیموکراسی حوکمڕانییە شکست خواردوەکەیان کەوتووەو ڕوی ناشیرینیان بۆ دونیا دەرکەوتووە دەیانەوێ بەم بەیاننامانە ستەم و نادادیان بشارنەوە!

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی حزبییە، خاوەنی سێ دەزگای ئەمنی تەواو حزبییە تەنھا پارە لە حکومەت وەرەگرن، ئەم ئەنجومەنە چەند ساڵێکە سەرۆکی نییە، ناتەباترین دامەزراوەیە کە چەندین بەیاننامەیان لەناوخۆی دەزگاکانی ئەنجومەنەکە دژ بەکاروباری ھەواڵگری یەک دەرکردووە! بەتەواوی لە تاریکی دا کارەکات، کارەکانی چاودێری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی لەسەر نییە، ھیچ دەسەڵاتێک توانای لێپرسینەوەی نییە، زیندانی نھێنی ھەیە کە ئێستە دەیان کەسی تێدایە چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە، ئەشکەنجەی گیراوەکان دەدات، ئازادیخوازان دەڕفێنێ! دۆسێی تۆمەتبارکردنی ناڕاست بۆ ھەر کەسێک دروست دەکات کە لەڕوی سیاسیەوە بیروڕای جیاوازە لێیان، سیخوڕی بەسەر کەسانی چالاکوان و رۆژنامەوان و ئازادیخوازانەوە دەکات! ھیچ مافێکی یاسایی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەی پێ نەدراوەو ئەنجامی دەدات! یەکێک لە دەزگا مەترسیدارەکانی ھەرێمە لەسەر ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی ئاسایش خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بەبێ تاوان دەستگی کردووە لەژێر ھەڕەشەی دەستدرێژی بۆ سەر خێزانی یان خوشک و دایکی دانپێدانانی بەزۆری لێ وەرگیراوە! مامۆستای ئاینی-یان دەستگیر کردووە ئەشکنجەی منداڵەکەیان داوە تا ناچاری بکەن تاوانێک دان پێدا بنێ کە نەکردووە، چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان کە ئێستە لەزیندانن تۆمەتی ناڕەوای جاسوسییان خستۆتە پاڵیان و سزایان داون تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەخنەیان گرتووەو ناڕازی بوون لە ستەم و نادادیی!

ماوەی یەک ساڵە چالاکوانی مافی مرۆڤ بێریڤان ئەیوب تان دەستگیر کردووە لەسەر ئازادی بیروڕا لەزیندان مانی لەخواردن گرتووە ژیانی لەمەترسیدایە.

بەکورتی دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش بۆخۆی مەترسی و ھەڕەشەیە لەسەر ژیانی تاک تاکی خەڵکی کوردستان!

سۆران عومەر

سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەخولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراق

تێبینی:

وێنەی بێریڤان ئەیوب چالاکوانی مافەکانی مرۆڤە ساڵێکە لەسەر ئازادی بیروڕا گیراوەو ژیانی لەمەترسیدایە!

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button