نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆچی هاوڵاتیانەوە بڵاوكردەوە

لڤین:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هۆكاری كۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەبونى هەلیکارو دادپەروەری و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیانە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمڕۆ ( یەكشەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە راگەیەندراوێكدا هۆكاری كۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ نەبونى هەلیکارو دادپەروەری و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیان گەڕاندۆتەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا نەوەی نوێ داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە فشاربخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم كە رێز لە یاسا بگرن و هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد لەكاتی خۆیداو بەسەرپەرشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجام بدەن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،”دڵنیایین بە بونی ئەم هەڵبژاردن و ئەم چاودێرییە نێودەوڵەتییە، فشاری راستەقینە دەکەوێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و قۆناغ بە قۆناغ چاکسازی راستەقینە ئەنجام دەدرێت و کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکرێن”.

دەقی راگەیەندراوەكە:

زیاتر لە هەفتەیەکە بە هەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمە لەسەر سنورى هەردو وڵاتى بێلاروسیا و پۆڵەندا لەدۆخێکى دژواردا ماونەتەوەوە،و خوازیارن بگەنە یەکێک لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا لەپێناو دابینکردنى ژیانێکى شایستەتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە پێویستی دەزانێت کە راى گشتیى نێودەوڵەتى و هەمو دۆستانى گەلى کورد لەدنیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بن کە هۆکارە سەرەکییەکانى کۆچى هاوڵاتیانى هەرێم بۆ چەند خاڵێکى سەرەکى دەگەڕێتەوە:

یەکەم: بەشێک لەو هاوڵاتیانەى کۆچیان کردوە بەهۆى نەبونى هەلیکارەوەیە، کە تا ئێستا زیاد لە ٣٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان هەن کە بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کارکردن نییە لەبەردەمیاندا.

دوەم: جگە لە بابەتی بێکاری،  زۆرینەى هەرە زۆری هاوڵاتییان بەهۆى نەبونى دادپەروەرییەوە کۆچ دەکەن و نیشتمان جێدەهێڵن، چونکە ئەو هاوڵاتیانە هێندەیان نا دادپەروەرى کۆمەڵایەتیى بینیوە کە تەواو لەم سیستمە سیاسییە بێزار بون، چونکە نادادپەروەری و نایەکسانی بە چاوی خۆیان دەبینن رۆژانە.

سێیەم: نەبونى ئاسایش و هەستنەکردن بە ئاسودەیى لەڕوى ئەمنییەوە، نەبونى ئاسایش تەنها ئەوە نییە کە وڵات لەشەڕدا بێت، بەڵکو کاتێک هاوڵاتیى هەست دەکات دادگاکان سەربەخۆ نین و دادپەروەرانە بڕیار نادەن و لەسەر کۆمێنتێک هاوڵاتی زیندانی دەکرێت، کاتێک هەست دەکات چەندین جۆر هێزى چەکدار لەژێر ناوى جیاوازدا هەن چاوەڕوانە لەهەر ساتێکدا بێت بەبیانویەکەوە هەڵکوتنە سەرى، ترسى هەیە لەوەى منداڵە بەرپرسێک لەسەر لایت لێدانێک بیکوژێت، کاتێک لە بادینان دەیان چالاکوان و هاوڵاتیى دەستگیردەکرێن و لەسەر چاتى فەیسبوک حوکم دەدرێن، کاتێک هەڵدەکوتنە سەر خاوەن ریستۆرانتێک و هێرش دەکەنە سەرى، ئەوا هاوڵاتیان لەسەرانسەرى هەرێمدا هەست بە ئاسایش و ئاسودەیى ناکەن و ترسیان هەیە رۆژێک هەمان روداو بەسەر ئەوانیشدا بێت.

چوارەم: نەبونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیان، پاڵى بەزۆرێک لە هاوڵاتیانەوە ناوە کە بیر لەجێهێشتنى نیشتمان بکەنەوە، کاتێک هاوڵاتییەک ئاوى نییە، کارەباى نییە، بەدواى ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەدا دەگەڕێت، هاوڵاتى هەرێمى کوردستان هەست بەوە دەکات کە سیستمى تەندروستى لە وڵاتەکەیدا بەتەواوى هەرەسى هێناوە، چونکە رۆژانە بە بەرچاوى خۆیەوە هەمو بەرپرسان و منداڵ و خانەوادەکانیان و کەسانى دەستڕۆیشتو، بۆ چارەسەرى نەخۆشییەکانیان رو لە نەخۆشخانەکانى ئەوروپاو ئەمریکا دەکەن و هاوڵاتیى هەرێمیش ترسى ئەوەى هەیە گەر نەخۆش بکەوێت چۆن پارەى چارەسەرەکەی پەیدا بکات، بۆیە دواجار بیر لەوە دەکاتەوە ئەویش لەوڵاتێکدا بژى کە چارەسەرى خۆى و خانەوادەکەى گەرەنتی کراوبێت.

بۆیە جگە لەوەی داواکارین وڵاتانی ئەوروپا وەک هەر مرۆڤێکی سەر گۆی زەوی رێزی مافەکانی ئەو هاوڵاتییانەش بگرن، ئەوا دەمانەوێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و قونسوڵیەت و باڵوێزخانەکانی دونیای رونبکەینەوە کە چارەسەری تەواوەتی ئەم کێشانە بریتییە لە فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە رێز لە یاسا بگرن و دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بکرێت و فشاری راستەقینە بخەنە سەر دو پارتی دەسەڵاتدار کە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت لە کاتی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنێکی بێلایەن و سەربەخۆی راستەقینە، کە دڵنیاین بە بونی ئەم هەڵبژاردن و ئەم چاودێرییە نێودەوڵەتییە، فشاری راستەقینە دەکەوێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و قۆناغ بە قۆناغ چاکسازی راستەقینە ئەنجام دەدرێت و کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکرێن، بەدەر لەمەی  کە ژیانی کوردستان و هاوڵاتییان خۆشبکرێت ، هیچ هەنگاوێکی تر بابەتی کۆچکردن نە چارەسەر دەکات و نە رێیشی پێ دەگیرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ

٢٠٢١/١١/١٤

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button