پێشنیاری وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر دەدرێتە ئیدارەکەی بایدن

 لڤین:

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، ڕایگەیاند، پنتاگۆن لە هه‌وڵی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و لایه‌نەدایە كه‌ به‌رپرسه‌ له‌به‌ئامانج گرتنی شاری هه‌ولێر بە موشەک، دواتریش به‌رپرسانی سه‌ربازی چه‌ند پێشنیارێك بۆ ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌ی هێرشه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئیداره‌كه‌ی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا به‌ كه‌ناڵی حوڕه‌ی راگه‌یاندووه‌ پنتاگۆن تا ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و هەواڵگرییە بۆ دیاریکردنی لایەنی بەرپرس لە هێرشەکەی سەر هەولێر.

بەرپرسەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە بڕیاردان لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێرشە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی بایدن، دوای ئەوەی سەرکردە سەربازییەکان بژاردەکانی دەخەنە بەردەست.

پێشتریش کەناڵی (العربیە) لەزاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە رایگەیاندبوو کە “لە ئاستێکی باڵادا پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە کراوە لەبارەی هێرشەکان، سورین لەسەر پاراستنی سەرباز و هاوڵاتیانمان لە عێراق”.

كاتژمێر 9:30 ی شه‌وی 2021/2/15، چه‌ند مووشه‌كێك به‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر كه‌وتن، له‌ ئه‌نجامدا کەسێک گیانی له‌ ده‌ستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دواتر گروپی “سرایا أولیا‌و الدم” كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button