دانە گاز: حکومەتی هەرێم پاکتاوی قەرزەکانی ساڵی 2019 و 2020ی کۆمپانیاکەمانی کردووە

لڤین:
کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بە رێژەی 27% داهاتیان بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 334 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ئەمڕۆ راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ” کۆی گشتیی داهاتی کۆمپانیاکە بە رێژەی 27% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 334 ملیۆن دۆلار”.
کۆمپانیاکە کە بەشێکی کارەکانی لە هەرێمی کوردستاندایە و لە بواری غازی سروشتی کار دەکات ئاماژەی بەوشکردوە، “ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 9 مانگدا بە رێژەی 7% بەرزبوەتەوە و قەبارەی بەرهەمهێنانیش بەرزبوەتەوە بۆ رۆژانە 34 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت”.
لەبارەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت “حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە قەرزی کۆمپانیاکەی بۆ ساڵانی 2019 و 2020 لەسەر نەماوە”.
تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرزبوەتەوە بۆ 63.200 بەرمیل هاوتای نەوت، دەشڵێت لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دانەگاز 256 ملیۆن دۆلاری وەک شایستەی دارایی وەرگرتووە، جگە لە شایستە داراییەکان و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی داهاتی دیکەی هەبووە.