هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی راستەقینە هەیە

لڤین:
پارێزگاری سلێمانی بۆ تێپەڕبوونی 237 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە، گێڕانەوەی متمانە، یەکترقبوڵکردنی لۆژیکی هەیە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی ڕۆژی سلێمانی دەکات و دەڵێت: ڕۆژی ئەم دەڤەرەی قوڵایی مێژویی و شارستانێتیی بۆ زیاتر لە شەست و پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوەو بە هەوڵی مەردانەی بابانییەکان و هاوکارەکانیان و گوندە نازدارەکانی ئەو سات و سەردەمەی سلێمانی؛ ئیبراهیم پاشای بابان دەستی بەبنیاتنانی سلێمانی کردو پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستەوە.
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پێداویستییەکانی شارەکەش رایگەیاند “ئەم شارە؛ لە ئەمڕۆدا پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینەو گێڕانەوەی متمانە و یەکترقبوڵکردنی لۆژیکیی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوزو تێپەڕاندنی نائومێدییەکان و ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی چارەنوس و ئایندەو خزمەتکردن و بوژانەوەو گەشەپێدانی زۆرتر و دادپەروەریی و پاراستنی ئازادییەکان و خۆخوێندنەوەو خۆدۆزینەوەو خۆناسینەوەو پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە.”