نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردساتان دیاریدەكات

لڤین:

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم ڕایگەیاند، تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، دەبێت سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بكات، ئەگەر ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، دەبێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە.

ئارام برادۆستی، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم، لە لیدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوە،” بەپێی یاسا دەبێت ھەتا ٦/١١/٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و تا سەرەتای مانگی ئەیلوولیش سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ھەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، پێویستە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی ئەم خولەی درێژ بكاتەوە”.

سەبارەت بە ئامادەیی كۆمسیۆنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد،” ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا، ئەوە كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان توانای ھەیە خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن ئامادە بكات”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا لە بارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا هەندێ لایان داوای هەمواری ئەو یاسا دەکەن، ڕایگەیاندوە،” ژمارەیەك پێشنیاز كراون بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، زۆر جار باس لە یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت، بەڵام یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان زیاتر عەدالەتی تێدایە، بە تایبەتی بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی پەرلەمان چەندین پێشنیاز كراون كە ھەڵبژاردن بە لیستی داخراو بەڕێوە بچێت و ھاوشێوەی خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان، كەسانی شایستە بچنە پەرلەمان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button