وەزارەتی پلاندانان:پۆستی فه‌یسبوکی جێگری پارێزگای هەڵەبجە ساردمان ناکاتەوە

لڤین:

وەزارەتی پلاندانان، لەبری پۆستی فیس بوک؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بکات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بریارو تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕۆژی ( ١٠ )ـی ئەم مانگە لە پۆستێکدا نوسیبووی،” حكومەتی هەرێم نوسراوی بۆبەغدا كردووە، بودجەیەكی تایبەتی كە لەبەغداوە دابینكرابوو بۆهەڵەبجە كەم بكرێتەوە لە٢٥ ملیار دینارەوە بۆ٤٫٥ ملیار دینار”.

هەروەها نوسیبویشی،” حكومەتی هەرێم كە ناتوانێت لەدابینكردنی بودجە تایبەتمەندی بۆهەڵەبجە بكات بەڵام دەبێتە ڕێگر لە تایبەتمەندی كردن لە لایەن بەغداوە بۆ هەڵەبجە”.

لە بەشێکی تری نوسینەکەدا ئاماژەی بەوە دابوو،” تازەترین هەوڵ،حكومەتی هەرێم نوسراوی بۆبەغدا كردووە، بودجەیەكی تایبەتی كەلە بەغداوە دابینكرابوو بۆ هەڵەبجە- كەم بكرێتەوە لە ٢٥ ملیار دینارەوە بۆ ٤٫٥ ملیار دینار”.

هەروەها ڕایشیگەیاندبوو،”بەتایبەت لە كابینەی نۆ تا ئێستا بۆ جارێكیش نوسراوی بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ بەغدا نەكردووە، بەداخەوە لەبری تایبەتمەندی بۆهەڵەبجە هەندێك جار زەربە لەو هەوڵانە دەدات كە تایبەتە بەخزمەتكردنی هەڵەبجە”.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ( ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم بڵاویکردوەتەوە وەڵامی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەی داوەتەوە و ڕایگەیاندوە،” لەبری پۆستی فیس بوک؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بکات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بریارو تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونکە لامان سەیرە! ناکرێت لە پۆستیکی ئاوا بیت و ئاگاداری کارو پرۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەک دەرگامان کراوەیە، بۆ هەموو کەسێک و پێدانی زانیاری نەک بەلارێدابردن و چەواشەکاری ئەو خزمەتانەی پێشکەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەکەین”.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان:

ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە پشکی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەی پرۆژەکان لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دارا ره‌شید وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

لەبری پۆستی فیس بوک؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بکات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بریارو تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونکە لامان سەیرە! ناکرێت لە پۆستیکی ئاوا بیت و ئاگاداری کارو پرۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەک دەرگامان کراوەیە، بۆ هەموو کەسێک و پێدانی زانیاری نەک بەلارێدابردن و چەواشەکاری ئەو خزمەتانەی پێشکەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەکەین.

١- وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم کردووە بەژمارە ٢١٤٨ /لەریکەوتی ٥-٩-٢٠٢١ و داوای لە وەزارەتمان کردووە دووبارە ڕێژەی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت، بەمەرجێک کۆی گشتی هەموو بودجەکە لە (١٠٠) ملیار دینار تێپەڕ نەکات.

وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ رێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگایەک و ڕێگە نادەن بنەمای دیکە بەکاربهێندرێت، چونکە تەنها بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت.

٢- وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە کۆی (٩٩) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕی (٤،٥٣٥،٥٠٠،٠٠٠) دیناری بۆ پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە، کە ئەمە دەکاتە ڕێژەی (٤.٥)٪ـی کۆی پارەی تەرخانکراو، لەکاتێکدا بە داتای ڕێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی (٢)٪ـی بەردەکەوێت، واتە بەڕێژەی (١٢٥)٪ لە پشکی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە.

٣- هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵدراوە کە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشکی پرۆژەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کۆی گشتی (٥٧٠) ملیار دینار پارەی تەرخانکراوی پرۆژەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بڕی (٣١.٦١) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە (کە هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە یەک نووسراو بڕی ٢٣ ملیار بۆ هەڵەبجە تەرخانکرا)، کە ئەگەر پشکی ڕاستەقینەی پارێزگاکە و ڕێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی (١١.٤) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئەم پارێزگایە تەرخان بکرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ڕێژەی (٥.٥٪) پارەی پرۆژەکانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانکردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشکی خۆی بەرکەوتووە.

٤- سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتکردنی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوابەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی زارەکی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتمان نووسراوی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی سەرۆکی حکومەت، بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگای عەمبارکردن لە هەڵەبجە، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری ئەم پارێزگایە و خزمەتێکی بەرچاو بە جوتیارانی ناوچەکەدەگەیەنێت.

لێرەوە بە هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەبێ جیاوازی کاردەکات لە تەرخانکردنی بودجە و دیاری کردنی پرۆژە لەهەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەپێی بودجەی بەردەست و بپێویستی ناوچەکان، پۆستی فه‌یسبوکی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانەی دەیانەوێت چەواشەکاری کارو بەرنامەکانمان بکەن ساردمان ناکاتەوە و هەموو لایەک دەتوانن سەردانی وەزارەتمان بکەن و ئاگاداری زانیاریەکان بن.

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button