کۆچ لە نادادی

وەرگیراوە لە هەژماری شەنگار سەعدی

کورد و کۆچ دوو وشەی لەیەکنەبڕاوەی نێو لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە نەھامەتی ئەم گەلەن، کۆچ لە جەنگ، کۆچ لە شەڕ کۆچ لە برسان کۆچ لە قات و قڕی و کۆچ لەتاو نادادپەروەری و کۆچ و کۆچ و ھەر کۆچێکی درێژ، کۆچەکان لەیەک دەچن بەڵام ھەریەکەو بەرەو پەناگەیەک و ئاراستەیەکی جیاواز، کۆچی ئەم جارە کۆچی ھاواری ئیرادەیە کۆچی گەنج و مناڵ و پیرە کۆچی ڕۆشنبیر و ئیماندارە کۆچی خوێندکارە، لە گڕکانێک دەچێت کە سەدان ساڵە دانی بەخۆیداگرتوە.

ئەوانەی کە کۆچ دەکەن سور ئەزانن ڕووبەڕوو مەرگ دەبنەوە، چونکە ڕێگاکە یان دەریای بێ بنە یاخود تەلبەند و لێدان و سەرماو سۆڵەی سنورەکان، ئەگەر لوتکەی نائومێدی نەبێت بەرامبەر بە ژیان و ئایندە ھیچ کەس ماڵ و منداڵەکانی ناخاتە ئەو مەترسیە، ئەگەر بەقەد سەری دەرزی تروسکاییان بەدی بکردایە بەم وەرزی باران و شەختەیە لە ئیجەیان نەدەدا کێ ھەیە لە گیانی خۆی بێزار بێت، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات ھاوشێوەی ڕاکردنی بە کۆمەڵە لە زیندان، ئەوانەی کە بارگەیان تێکناوە و ڕێگای کۆچیان گرتۆتەبەر دەزانن کە دەبێ لە سەرەتاوە دەستپێبکەن، دەزانن کە ھەموو شتێک نوێ و نامۆیە بۆ ئەوان بەڵام دڵنیان لەوەی کە شکۆ و کەرامەتیان پارێزراوە، هیچ کات ترسی ئەوەیان نابێت مناڵە بەرپرس و شەقاوەکان بیانکوژن و ئیهانەیان پێبکەن، هیچکاتیش نییە کەی ویستیان موچە بدەن و کەی مەزاجیان نەبوو نەیدەن، دەزانن داھاتووی خۆیان و منداڵەکانیان مسۆگەرە.

باسی ناوبانگ دەکەن، جا ئێوە خۆتان ھەن تا ناوبانگتان ھەبێ؟ ئایا ھەرگیز بۆجارێکیش بیرتان لە بەھاکانی کۆمەڵگە و شکۆی خێزان و تاکیش کردۆتەوە؟ نەخێر ئەم خەڵکە بۆ ئێوە بێگانەیە، ئێوە کە داگیرکەرن لە بەرگی کوردایەتی تەنیا دەتوانن بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆتان بکەنەوە، تاکەی گەندەڵ و مشەخۆرەکان دان بەم ڕاستیە نانێن، بە بێ ئەوەی یەک زەڕە تەریق ببنەوە لە دەزگا فەرمیەکانیان باس لە خەرجی ڕێگای کۆچبەران دەکەن، چەرمی ڕوویان زۆر قایمە ئەڵێ؛ “خاوەنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر پێی وتم، لە مانگێکدا هەشت بۆ نۆ ئۆتۆمبێل کە بەهاکەیان 150 هەزار دۆلارە دراون بەو کچانەی بەرهەمی بۆتۆکس و فیلەرن و هاتونەتە ئەم وڵاتە”باشە ئەو پارەیان لە کوێبوو ئەگەر ئێوە لە قوتی خەڵکتان نەگرتۆتەوە و لەشەوێکدا نەتانخستۆتە دەستی ئەو لەشفرۆشانەی کە بەھەموو شێوەیەک سوکایەتی بەداب و نەریتی کۆمەڵگەکەمان دەکەن.

گەنج چۆن سەری خۆی ھەڵناگرێت، کاتێک لە ھەموو جیھان گەنجان سەرمایە و گەوھەرن کەچی لێرە ھەموو ڕۆژ شکۆیان دەشکێنرێت چۆن یاخی نابێت کە دەبینێت کورە بەرپرسێک خاوەنی زانکۆی ئەھلیە ئەویش پارەی لە گیرفاندا نیە تا خوێندنەکەی تەواو بکات، چۆن ئیتر نیشتیمان نابێت بەبێگانەیەک بۆی کاتێک ئەبینێ ھەرچی کۆمپانیا ھەیە لە بەرژەوەندی حیزبدا قۆرخکراوە لە میدیاوە تا کرێکارێکی ئاسایی.

كۆچی ئەمجارەی هاووڵاتیان و بەتایبەتیش گەنجان قێزەونترین دیوی دەسەڵاتی کوردی پیشاندەدات، پەیوەندی بەو هەموو مافیاو تاڵانچیانەی بەناو کوردایەتی هەیە، منداڵانی بەرپرسەكانی هەرێمی کوردستان کە ژێرخان و سەرخانی ئەم نیشتیمانەیان هەڕاج کردوە هەر لەمنداڵییەوە بە قودەرتی قادر دەبنە خاوەنی رێكخراو و كۆمپانیای تایبەت و بیرە نەوت، منداڵی هەژاریش ئەبێت سەرهەڵگرن و بۆ ژیانێکی شایستە تر هەزاران ڕێگای مەرگ تاقیبکەنەوە.

لە دوای 30 ساڵ حکومڕانی دەسەڵاتدارانی کورد کە ھەمیشە قەیرانی داراییان كردۆتە بەهانەیەک بۆ خۆدەربازكردن لە هەموو بەرپرسیاریەتیەكان و ئەنجامنەدانی كارە پێویستیەكان تا ئێستا نەیان توانیوە هیچ پیلانێک دابنێن بۆ خاوەن بڕوانامەکان و سەرجەم گەنجانی کورد کەبەدەست بێکاری و ناڕێکخستنی سیستەمی ئیداری و ئابوریەوە دەناڵێنن.

ھەموومان دەزانین کە ھۆکاری سەرەکی پارە نیە وەک ئەوەی میدیاکانی دەسەڵات بێ شەرمانە ئەو جۆرە دەستەواژانە بەکار دەھێنن و بەردەوامن لە چەواشەکاری، ھۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتی و بێ ھیوابوونیانە لە سیستەمی حوکمڕانی نادادپەروەری ھەروەھا سەرجەم حزب و ڕێکخراوە و ئۆپۆزسیۆنەکان بەشدارن لەم تاوانە مرۆڤایەتیە چونکە لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا ھەر خەریکی ماکیاژکردنی ڕوخساری ئەو چەتەگەرییە ئابوورییە بەناو کوردایەتیەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button